کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ' لە گەلی عەلی بەگ دادەنرێت
لە چەند رۆژی داهاتوودا، پڕۆژەی جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێریی تیژڕەوی "خاڵ بۆ خاڵ" لە رێگای گەلی عەلی بەگ بە شێوازی تاقیکاری دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی شۆفێران و سەرنشینان دێت.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سۆران رایگەیاند، شەش کامێرای نوێ لە سێ لۆکەیشنی جیاوازی رێگاکە، لە دەروازەی سۆرانەوە تا دەروازەی خەلیفان جێگیر کراون، جەختیشی کردەوە، خێرایی رێگەپێدراو لەم رێگایەدا تەنیا 70 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، هەر شۆفێرێک لەم خێراییە لابدات، بەپێی رێژەی تیژڕەوییەکەی سزا دەدرێت و بڕی سزاکەش لەگەڵ زیادبوونی خێراییەکەدا قورستر دەبێت.
پەیوەست بە هۆکاری جێگیرکردنی ئەم کامێرایانە لە ئێستا دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بەکوردستان24ـی راگەیاند "تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 14 رووداوی هاتوچۆی سەخت لەم رێگایەدا تۆمارکراون کە بەهۆیانەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەو پێیەی گەلی عەلی بەگ ناوچەیەکی گرنگی گەشتیاری و بازرگانییە، پێویست بوو رێکاری توند بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکان و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان بگیرێتەبەر."
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتووچۆی هەرێم ئاماژەی بە تاقیکردنەوەیەکی مەیدانی کرد کە پێش بڕیاردان لەسەر پڕۆژەکە کراوە و گوتی "پێشتر بۆ ماوەی 2 کاتژمێر کامێرایەکی تۆمارکردنی کاتیمان دانا، لەو ماوە کورتەدا 24 سەرپێچی تۆمارکران کە خێرایی ئۆتۆمبێلەکان لەسەرووی 85 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بوو، بەڵام کاتێک کامێرای 'خاڵ بۆ خاڵ'مان بۆ ماوەی 1 رۆژ بە شێوەی تێست دانا، لە کۆی 241 ئۆتۆمبێل کە بەو رێگایەدا تێپەڕین، هیچ سەرپێچییەک تۆمار نەکرا و خێراییان لە 64 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێنەپەڕی."
ئەم ئەنجامە ئەرێنییە بووە بنەمایەک بۆ جێگیرکردنی یەکجاریی کامێراکان کە مەودای نێوانیان 3 کیلۆمەترە، لە ئێستاشدا شەش کامێرا لە سێ لۆکەیشنی جیاواز دانراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرەتا بە شێوازی تاقیکاری دەکەونە کار.
لەلایەکی دیکەوە، هاووڵاتییان و گەشتیارانی ناوچەکە دڵخۆشی خۆیان بەم بڕیارە دەربڕیوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە دانانی ئەم کامێرایانە پێویستییەکی گرنگ بوو، چونکە رێگای گەلی عەلی بەگ یەک سایدە و بەهۆی تیژڕەویی شۆفێرانەوە، پێشتر چەندین رووداوی دڵتەزێنی تێدا روویداوە.