بەهۆی تەقینی بوتڵی گاز منداڵێک گیانی لەدەست دا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون
لە ئەنجامی تەقینی بوتڵێکی گاز لە سنووری قەزای رانیە، کارەساتێکی دڵتەزێن رووی دا و تێیدا منداڵێک گیانی لەدەست دا و پێنج ئەندامی دیکەی هەمان خێزان بریندار بوون.
هەینی 24ـی تەممووزی 2026، لە گوندی دێرێی سەر بە ناحیەی سەرکەپکان لە قەزای رانیە، بوتڵێکی گاز لە ناو ماڵێکدا تەقییەوە، بەپێی راگەیەندراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین، لەو رووداوەدا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان گیانی لەدەست داوە و پێنج کەسی دیکەی خێزانەکەش بریندار بوون، کە باری تەندروستیی سێ لە بریندارەکان ناجێگیرە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بریندارەکان دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە و وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون.
شایەتحاڵێکی رووداوەکە، کە یەکێک بووە لەوانەی هەوڵی رزگارکردنی خێزانەکەی داوە، بۆ کوردستان24ـی گوتی: "دەنگێکی زۆر بەهێز هات، کاتێک چووینە شوێنەکە بینیمان ئاگر لە ژنێک بەربووە، دەستبەجێ بە سۆندەی ئاو ئاگرەکەمان کوژاندەوە، دواتر بینیمان منداڵەکان لە نزیک دەرگای ماڵەکە کەوتبوون، هەوڵمان دا بە زووترین کات رزگاریان بکەین و بیگەیەنینە نەخۆشخانە."
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، ساڵانە بەهۆی تەقینی بوتڵی گاز و رەچاونەکردنی رێکارەکانی سەلامەتی، چەندین هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان دەبنە قوربانی.