مێروویەک بووەتە مەترسی لەسەر بەرهەمی هەنجیری هەڵەبجە

ئەمساڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بەرهەمی هەنجیر تووشی نەخۆشییەک بووە و جوتیارانی نیگەران کردووە. نەخۆشییەکە زیانی زۆری بە باخەکان گەیاندووە و بەرپرسانیش رێگاکانی چارەسەری دەخەنە روو.

ئەکرەم ئەحمەد، یەکێکە لە جوتیارانی ناوچەکە و لە بەرهەمی ئەمساڵی باخەکەی نیگەرانە. ئەو جوتیارە دەڵێت: "هەنجیری ئەمساڵ نەخۆش کەوتووە و نەخۆشییەک لەناو باخەکانماندا بڵاو بووەتەوە، بەتایبەتی لە باخی هەنجیردا." 

ئەکرەم باس لەوە دەکات وەرینی بەرەکەی و زەردبوونی گەڵاکەی بەهۆی ئەم نەخۆشییەوەیە و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، ئەمساڵ بەرهەمی هەنجیر نابێت.

نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخدارییە لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە، لەبارەی جۆری نەخۆشییەکە و هۆکارەکەی دەڵێت: "ئەم مێرووە زیانی زۆرە، چونکە خۆراک لە قەد و لقی هەنجیرەکە دەمژێت و دەبێتە هۆی بێهێزبوونی." 

سەبارەت بە چارەسەرکردنیشی ئاماژە بەوە دەکات تەنیا لە قۆناخی سەرەتادا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. کاتێک گەراکان دەبنە مێروویەکی بچووک و قەڵغانێک دروست دەکەن، لەناوبردنیان سەخت دەبێت، چونکە قەڵغانەکەی پشتیان رێگە نادات دەرمانی قڕکەر بگاتە جەستەیان.

ئەمساڵ لە هەڵەبجە نزیکەی 250 دۆنم زەوی بە درەختی هەنجیر چێندراوە. لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 20 جۆری جیاوازی هەنجیر هەیە و ساڵانە بەرهەمی ناوخۆیی دەگاتە نزیکەی 37 هەزار تۆن. ئەم بڕەش زیاتر لە 91%ـی پێداویستیی بازاڕەکانی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە.

پارێزگای هەڵەبجە بە یەکێک لە ناوچە کشتوکاڵییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و بەرهەمی هەنجیرەکەی ناوبانگێکی زۆری هەیە. ئاووهەوای ناوچەکە زۆر گونجاوە بۆ پێگەیشتنی چەندین جۆری هەنجیر، بەڵام ساڵانە جوتیاران رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی ژینگەیی و نەخۆشی دەبنەوە، لەوانەش مێرووی قەڵغاندار، کرمی قەدمژ و جۆرەکانی کەڕوو.