رۆژانە 389 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە ئێران تۆمار دەکرێت

وێنە: گرێی شێرپەنجە "بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە"
وێنە: گرێی شێرپەنجە "بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە"

جێگری وەزیری تەندروستیی وەزارەتی تەندروستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرای کرد، ساڵانە زیاتر لە 140 هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە وڵاتەکەدا دەستنیشان دەکرێت، کە بە تێکڕا رۆژانە 389 حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت و لەم ژمارەیە 193ـی تووشبووەکان ئافرەتن.

ئاژانسی ئیرنا ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردووەتەوە، عەلیڕەزا رەئیسی، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە راوێژکارانی دامەزراوەی کاروباری ئافرەتان و خێزانی، تیشکی خستووەتە سەر مەترسییەکانی شێرپەنجە و ئاشکرای کردووە، شێرپەنجەکانی جۆری تایرۆید، مەمک و کۆئەندامی هەرس لە ئێراندا زۆر بڵاون و پێویستە پرسی خۆپاراستن و زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بە جددی کاری لەسەر بکرێت.

لە بارەی هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشییەکە، عەلیڕەزا رەئیسی ئاماژەی بەوە کردووە، بەرزی و نزمی ژمارەی تووشبووان لە سەرتاسەری ئێراندا جیاوازە و دەبێت هۆکارەکانی بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. گوتیشی: ئەو هۆکارانەی کاریگەریان هەیە بریتین لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، پیسبوونی ژینگە و هەوا، لەگەڵ شێوازی ژیان.

هەروەها رەخنەی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ئێران گرتووە و دەڵێت "ئۆتۆمبێلە ناستانداردەکان هەم بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و هەم بەهۆی دەردانی دووکەڵەوە ژینگە پیس دەکەن و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی خەڵک ".

لەبارەی رێژەی تووشبووانی لە هەردوو رەگەزدا، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەیداوە، کە بە گوێرەی ئامارەکان 40%ی تووشبووان لە پیاواندان و 21%ـیشی لە ئافرەتاندا تۆمارکراوە، کە زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە هۆکاری دیاریکراون و دەکرێت پێشیان لێ بگیرێت، دیارترینیان جگەرەکێشان و نەخۆشی قەڵەوییە.

گوتیشی: 23 ملیۆن ئافرەتی ئێرانی لە تەمەنی 30 بۆ 69 ساڵیدا ناونووسکراون بۆ پشکنینی تایبەت، لەنێویاندا بڕیارە 500 هەزاریان پشکینینی ملی منداڵدانیان بۆ بکرێت، کە تەمەنیان لە 30 بۆ 59 ساڵیدایە.
هاوکات رەخنەی لە زیادبوونی پیشەسازیی تووتن لە ئێران گرت و ئاماژەیداوە، بەداخەوە لە هەندێک فیلم و زنجیرەدا جگەرەکێشان وەکو ئاکار و رەفتارێکی جوان و سەرنجڕاکێش پیشان دەدرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی جگەرەکێشان بەلای خەڵکەوە ئاسایی بێت و گوێ بە مەترسی و لێکەوتەکانی نەکرێت.