وۆڵ ستریت جۆرناڵ: پلانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوو هەفتە دەخایەنێت
رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ' ئاشکرای کرد، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا پلانێکی سەربازیی وردی ئامادە کردووە بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک ئاسمانیی چڕ بۆ سەر ئێران. بەپێی زانیارییەکان، ئەم پلانە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و ئامانجی سەرەکیی لاوازکردنی تواناکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی تۆکمەی بۆ پەرەپێدانی هێرشە سەربازییەکان لە ناوەوەی خاکی ئێران داڕشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکان، فەرماندەی سێنتکۆم بژاردەی هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕی ئامادە کردووە کە ئامانج لێی سزادانی تاران و تێکشکاندنی تواناکانیەتی، پێشبینیش دەکرێت ئەم زنجیرە هێرشانە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بن.
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆشکی سپی، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مەیلی بۆ پەرەپێدانی گرژییەکان و وەڵامدانەوەی توند هەیە؛ بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر قووڵایی و مەودای هێرشەکان نەداوە و سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانیەتی.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری جەنگیی ئەمریکا پشتگیری تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ئاسمانی چڕ دەربڕیوە. هاوکات سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا وەڵامی ئەو نیگەرانییانەی داوەتەوە کە باس لە کەمبوونەوەی جبەخانەی وڵاتەکە دەکرێت و رایگەیاندووە؛ ئەم هۆکارە نابێتە رێگر لەبەردەم دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران.
لەو چوارچێوەیەشدا گوتەبێژی وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە: "وەزارەتەکە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە و هەر ساتێک رێنمایی لە سەرۆکەوە دەربچێت، دەستبەجێ جێبەجێی دەکەین."
لە لایەکی دیکەوە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، هەر ئێستا هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیانپێکرد.
ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەش کرد، هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە وەڵامی ئەو هێرشەی ئێراندایە کە کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن.
هەروەها ئاژانسی فارس بڵاوی کردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە ژمارەیەک ناوچەی ئێران بیستراون.