فەرهاد ئەترووشی: کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان کارێکی ئاسان نییە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە عێراقدا لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدا نییە و گرووپە چەکدارەکان بڕیارەکان دەدەن، ئاماژە بەوەش دەکات کە هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت چونکە ژمارەیان زۆرە و کۆنترۆڵ نەکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ "کوردستان24" رایگەیاند "لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکەدا، هەڵوێستی عێراق ناڕوونە، عێراق لە هەموو وڵاتێک زیاتر رووبەڕووی کێشە و گرفت بووەتەوە و بووەتە قوربانی، بارودۆخەکە نالەبارە و ئەگەر عێراقییەکان بەیەکەوە کار نەکەن، دۆخەکە خراپتر دەبێت".
فەرهاد ئەترووشی ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری 100%ـی شەڕ لە عێراقدا بەدەست حکوومەت نییە، بەڵکو بەدەست گرووپە چەکدارەکانە، وەک دەبینرێت هێرشیان کردووەتە سەر چەندین وڵات، بۆیە داوامان کردووە وەک حکوومەتی هەرێم و تەنانەت وەک پارتیش، پاڵپشتی ئەم حکوومەتە بین بۆ ئەوەی بەکارهێنانی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت نەک گرووپەکان. جەختیشی کردەوە کە بڕیاردانی شەڕ لە دژی هەر وڵات یان لایەنێکی دەرەکی، دەبێت لە پەرلەمانەوە بێت. گوتیشی "چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەت و گەندەڵی، وڵات بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبەن؛ گرووپەکان چەک بۆ پاراستنی گەندەڵییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا بەهێزیی هەر وڵاتێک لەوەدایە چەک لەدەست دەوڵەت بێت و گەندەڵی بنبڕ بکرێت".
جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، حکوومەت بەڵێنی لە لایەنە سیاسییەکان وەرگرتووە کە پاڵپشتی هەنگاوەکانی دژبە گەندەڵی دەکەن، چوارچێوەی هەماهەنگی و وڵاتانی ئەمریکا و ئەورووپاش جەختیان لە پاڵپشتی خۆیان کردووەتەوە، بەڵام پرۆسەکە قورس و ئاڵۆزە، ئاشکراشی کرد کە بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران، هەڕەشە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە و بەردەوام بەربەستی بۆ دروست دەکرێت، بەڵام عەلی زەیدی رایگەیاندووە "ئامادەیە گیانی خۆی بکاتە قوربانی لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی".
سەبارەت بە لیستی ناوی پەرلەمانتارە تۆمەتبارەکان، ئەترووشی گوتی "لیستەکەمان نەبینیوە و تەنیا سەرۆکی پەرلەمان بینیویەتی؛ سەرۆکی پەرلەمان پێی راگەیاندین کە ناوی 19 پەرلەمانتاری تێدایە، پێنجیان هی خولەکانی پێشتر و 15ـیان هی خولی شەشەمن. هاوکات دەسەڵاتی دادوەری داوای کردووە پارێزبەندی لەسەر زیاتر لە 30 کەس هەڵبگیرێت کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی".
دەربارەی بەردەوامیی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەولێر، جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی "ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێت، بەڵێ بەردەوام دەبن، چونکە گرووپەکان ژمارەیان زۆرە، کۆنترۆڵ نەکراون و بەردەوام لە جوڵەدان، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوانیاندا هەیە و کۆنترۆڵکردنیان قورسە". ئاماژەی بەوەش دا کە گرووپە چەکدارەکان لە موقتەدا سەدر تووڕەن و هاوکات ناوبراو پاڵپشتییەکی زۆری حکوومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات.
هەروەها باسی لەوە کرد دۆخی ئابووری عێراق خراپە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەری نەرێنییان هەبووە، یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم عەلی زەیدی کەمیی داهاتە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت گرفتێکی گەورە دروست دەبێت.
لەسەر کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، فەرهاد ئەترووشی رایگەیاند: "سەردانی وەزیری نەوتم کرد و داوام کرد رۆژانە سێ ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم دابین بکرێت، کە ئەمە بەشێکی زۆری گرفتەکە چارەسەر دەکات. هەروەها داوام کرد ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت زیاد بکرێت، بە نووسراوی فەرمیش داواکارییەکەم ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە".
دەربارەی سەردانی محەممەد حەلبووسی بۆ هەولێر، فەرهاد ئەترووشی ئاماژەی بە مێژووی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کۆکردنەوەی پێکهاتەی سوننە لە دوای 2003 بۆ پاراستنی هاوسەنگی، رایگەیاند "ئێستا پارتی دەیەوێت لە بەغدا خۆی رێکبخاتەوە و پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیدا بکات. محەممەد حەلبووسیش ئارەزووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی هەبوو، کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆشی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی زۆر گرنگ و بایەخدار بوون".
لە کۆتاییدا سەبارەت بەو 120 ملیار دینارەی هەرێم مانگانە وەک داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا دەینێرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان گوتی "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە کەم بکرێتەوە، بەڵام کارێکی ئاسان نییە".