رەشنووسی رێککەوتنی غەززە؛ ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە و کشانەوەی ئیسرائیل
رەشنووسی رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر لە کەرتی غەززە، کۆمەڵێک رێکاری سیاسی و ئەمنیی فراوان لەخۆ دەگرێت کە بڕیارە لە ماوەی 14 رۆژدا دوای رەزامەندیی لایەنەکان بچێتە واری جێبەجێکردنەوە؛ پلانی نوێ پێکهێنانی لیژنەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی کەرتەکە و بڵاوەپێکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لەخۆ دەگرێت.
بە پێی بەندەکانی نێو رەشنووسی رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر لە کەرتی غەززە ، قۆناخی یەکەمی رێککەوتنەکە بە راگرتنی تەواوەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و تەواوکردنی پابەندییەکانی ئاگربەست دەستپێدەکات، ئەمەش وەک سەرەتایەک بۆ چوونە ناو رێککەوتنی گشتگیرتر کە پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی کەرتەکە، دۆخی ئەمنی و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە.
ئیدارەیەکی مەدەنیی سەربەخۆ
لە رەشنووسەکەدا هاتووە، سەرجەم ئەرکە مەدەنی و ئەمنییەکان لە غەززە رادەستی "لیژنەیەکی نیشتمانی" دەکرێن، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی قۆناخی گواستنەوەی لەسەرە. ئەم لیژنەیە بە سەربەخۆییەکی رەها کار دەکات و رێگری لە سەرجەم گروەپە فەڵەستینییەکان دەکرێت دەستوەردان لە بڕیارەکانی یان کارەکانی بکەن.
هەروەها ئەم لیژنەیە بەرپرسیار دەبێت لە دۆسیە داراییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەوانەش بەڕێوەبردنی دامەزراوە حکوومییەکان، رێکخستنی خەرجییەکان و کارپێکردنی کەرتەکان، بە مەبەستی گەرەنتیکردنی بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە دوای ساڵانێک لە شەڕ و وێرانکاری.
هێزی نێودەوڵەتی و رێکارە ئەمنییەکان
لە رووی ئەمنییەوە، لە رەشنووسەکەدا باس لە بڵاوکردنەوەی "هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی" لە ناو کەرتی غەززەدا دەکرێت. ئەرکی ئەم هێزە پاراستنی ئاسایشە لە قۆناخی گواستنەوەدا، جگە لە گەرەنتیکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان و پاراستنی پرۆسەکانی فریاگوزاری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
"لیژنەی نیشتمانی" وەک لایەنی بەرپرس بۆ رێکخستنی چەک لە ناو کەرتەکەدا دەستنیشان کراوە و، پرۆسەی لەنێوبردنی چەکە قورسەکان و تێکدانی تونێلەکان لەژێر سەرپەرشتی ئەو لیژنەیەدا دەبێت.
رەشنووسەکە ئەوەش روون دەکاتەوە، کە پرۆسەی چەکداماڵین، گواستنەوە یان رادەستکردنی چەک بە ئیسرائیل ناگرێتەوە، بەڵکوو لە رێگەی میکانیزمێکەوە دەبێت کە لیژنەی نیشتمانی سەرپەرشتی دەکات لە چوارچێوەی رێککەوتنی فەڵەستینی و نێودەوڵەتیدا.
بەندەکانی رێککەوتنەکە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانیش دەگرێتەوە، بە جۆرێک کە ئەندامەکانیان تێکەڵی دەزگا ئەمنییە نوێیەکان ناکرێن؛ ئەمەش بە ئامانجی بونیادنانی دامەزراوەیەکی ئەمنیی پیشەیی کە لەژێر دەسەڵاتێکی مەدەنیی یەکگرتوودا بێت و دوور بێت لە هەژموونی گرووپ و حزبەکان.
رێگری لە تووندوتیژی و ئامادەکاری بۆ ئاوەدانکردنەوە
رەشنووسەکە داوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە تووندوتیژیی ناوخۆیی نێوان گرووپەکان و، قەدەخەکردنی نمایشە سەربازییەکان و دەرکەوتنی چەکدار لە ناو شارەکاندا، ئەمەش بۆ چەسپاندنی ئەو بنەمایەی کە تەنیا دەزگا فەرمییەکان مافی هەڵگرتنی چەکیان هەبێت.
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی دیدگایەکی فراوانتردایە کە بە پێی لێدوانە ئەمریکییەکان، پێکهێنانی ئیدارەیەکی تەکنۆکراتی فەڵەستینی لەخۆ دەگرێت کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل بەڤپێی خشتەیەکی کاتی و سەرپەرشتی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکی باسیان لە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل کردبوو، لە کاتێکدا تەلئەڤیڤ گومانی هەبوو لەوەی حەماس چەکەکەی دابنێت. لە بەرانبەردا بەرپرسانی حەماس گەیشتن بە رێککەوتنیان راگەیاند و داوای گەرەنتییان لە نێوەندگیرەکان و "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان.
تا ئێستا ئەم بەندانە وەک رەشنووس ماونەتەوە و کۆپیی کۆتاییان بڵاونەکراوەتەوە، هەروەها هەموو لایەنەکان رەزامەندیی فەرمییان لەسەر وردەکارییەکان رانەگەیاندووە، ئەمەش وا دەکات میکانیزمی جێبەجێکردن و گەرەنتییە مەیدانییەکان بەستراو بن بە تەواوبوونی دانوستانەکان و پەسەندکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەی کۆتایی.