زنجیرەیەک بوومەلەرزە لە کەرکووک روویاندا و شارەزایان هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا، پارێزگای کەرکووک رووبەڕووی 6 بوومەلەرزە بووەتەوە، کە دواهەمینیان کاتژمێر 9:30ـی ئەمشەو روویدا و بە بەهێزترینی زنجیرە بوومەلەرزەکان هەژمار دەکرێت.
هەینی 31ـی تەممووزی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکانی دەستەی گشتی بوومەلەرزەزانی عێراق، لەرینەوەکانی پێشوو لە نێوان 3.7 بۆ 3.9 پلەی رێختەردا بوون، بەڵام هێشتا بە فەرمی پلەی بەهێزیی بوومەلەرزەکەی ئەمشەو رانەگەیەندراوە کە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لەناو دانیشتووانی شارەکەدا و زۆربەی خەڵکی لە خەو هەڵساندووە.
سەبارەت بە هۆکارەکان، شارەزایانی جیۆلۆجی رای دەگەیەنن، دەرهێنانی نەوت و گاز بە شێوەیەکی نازانستی و نادروست، کاریگەریی راستەوخۆی کردووەتە سەر خزانی پلێتەکان و دروستبوونی لەرینەوە، هەروەها جەختیش دەکەنەوە جووڵەی پلێتە گەورەکانی ناوچەکە (فارسی و عەرەبی) فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر پلێتە ناوخۆییەکان.
هەمان ئەو شارەزایانە پێشبینی دەکەن، لە ئەمشەوەوە تا پێنج رۆژی داهاتوو، لەرینەوەی دیکە لە ناوچەکەدا رووبدەن و ئەگەری هەیە پلەکانیان بگاتە نێوان 4 بۆ 5 پلەی رێختەر، لەبەر ئەوە جەخت لەوە دەکرێتەوە، پێویستە هاووڵاتیان رێنماییەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن و ئارامیی خۆیان بپارێزن.