پزیشکێک هۆشداری لە خواردنی گوڵەبەڕۆژە بە توێکڵەوە دەدات
دکتۆر ئەلێکساندەر ئۆمۆنۆڤ، پزیشکی نەشتەرگەری لە رووسیا، هۆشداری دەدات لە خواردنی گوڵەبەڕۆژە و هاوشێوەکانی بە توێکڵەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کۆئەندامی هەرس توانای هەرسکردنی توێکڵی نییە.
بە وتەی ئەم پزیشکە، خواردنی بەردەوامی گوڵەبەڕۆژە بە توێکڵەوە دەبێتە هۆی تێکدانی گەدە و خراپترکردنی نیشانەکانی کۆڵۆنی دەمارگیر. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرجار تەپوتۆز و پیسی لەسەر توێکڵەکان کۆدەبنەوە، ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی ریخۆڵە و هەوکردنی بەکتریایی زیاد دەکات، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کێشەی درێژخایەنی کۆئەندامی هەرسیان هەیە.
سەبارەت بەو بڕوایە کە دەڵێت؛ خواردنی توێکڵ دەبێتە هۆی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە، دکتۆر ئۆمۆنۆڤ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە لە ئەنجامی گیرانی ریخۆڵە روودەدات، بەڵام قوتدانی توێکڵ هۆکاری ئەم گیرانە نییە."
روونی کردەوە، هۆکارە سەرەکییەکانی هەوکردنی ریخۆڵەکوێرە بریتین لە؛ کۆبوونەوەی پارچە پیساییە رەقەکان، وەرەمەکان، مشەخۆرەکان هەروەها ئەستووربوونی شانە لیمفاوییەکان.
ئەو پزیشکە ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات، پێش خواردنی گوڵەبەڕۆژە و هاوشیوەکانی بە جوانی پاکیان بکەن، دڵنیاییش دەدات ئەگەر بە هەڵە بڕێکی کەم توێکڵ قوت بدرێت، جێی مەترسی نییە و جەستە بە شێوەیەکی سروشتی لێی رزگار دەبێت.