دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە قەزای کفری دەستیپێکرد
پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکوومی بە نرخی 750 دینار گەیشتە شارۆچکەی کفری، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەکانی رابردوودا دابەشکردنی ئەو جۆرە بەنزینە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی ئیدارەی گەرمیان هەبووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجارە بەنزینی 750 دیناری لە کفری دابەش دەکرێت و بڕیار وایە لە ئەگەری زیادکردنی پشکی بەنزینی ئیدارەی گەرمیان، وێستگەی زیاتر بۆ دابەشکردنەکە دیاری بکرێن تاوەکو بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان دروست نەبێت.
لای خۆیەوە یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ لە هەوڵێکی چڕدان بۆ زیادکردنی بڕی بەنزینی تەرخانکراو بۆ سنووری ئیدارەی گەرمیان. گوتیشی: "دەمانەوێت دابەشکردنی بەنزینەکە بکەینە رۆژانە و سەرجەم شار و شارۆچکەکانی سنوورەکە بگرێتەوە."
هاوکات لەبارەی کوالیتی سووتەمەنییەکە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان جەخت دەکاتەوە کە بەنزینەکە جۆرێکی زۆر باشە و کوالیتییەکی بەرزی هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، خاوەنی یەکێک لەو بەنزینخانانەی پرۆسەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت، راگەیاند: "جۆری بەنزینەکە زۆر باشە و بەهۆی هاوکاریی هێزەکانی ئاسایشەوە پرۆسەکە بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت، بە شێوەیەک لە ماوەی یەک کاتژمێردا نزیکەی 400 ئۆتۆمبێل سووتەمەنییان وەرگرتووە." داواشی کرد بڕی بەنزینەکە زیاتر بکرێت تاوەکو ژمارەیەکی زۆرتر لە هاووڵاتییان لێی سوودمەند بن.