کەمپی مەخموور دادەخرێت
دانیشتووانی کەمپی مەخمور دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان
دوای پەسەندکردنی یاسایەکی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا، بڕیاری داخستنی کەمپی مەخموور درا و لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر هەیە بۆ گەڕانەوەی 16,000 هاووڵاتی و کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە.
رۆژنامەی "نەفەس"ی تورکی بڵاویکردووەتەوە دوای پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوە" لە پەرلەمان، پڕۆسەی چۆڵکردنی کەمپی مەخموور و چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەندامانی پەکەکە دەستپێدەکات. ئەم یاسا نوێیەی کە وەک هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت، رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی 16,000 هاووڵاتی تورکیا کە ئێستا لە کەمپی مەخموور نیشتەجێن.
یاساکە جگە لە دانیشتووانی کەمپەکە، ئەندامانی پەکەکە لە چیاکان و باڵی ئەوروپای رێکخراوەکەش دەگرێتەوە. لە هەواڵەکەدا هاتووە کە لێکتێگەیشتنی تەواو لەنێوان ئەنقەرە، حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی کەمپەکە. هاوکات راپۆرتێکی ورد بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەرزکراوەتەوە کە تێیدا نەخشەڕێگای گەڕانەوە و تێکەڵکردنەوەی مەدەنییەکان و ناردنەوەی هاووڵاتییە بیانییەکان بۆ وڵاتەکانی خۆیان دیاری کراوە.
سەبارەت بەو 2,000 ئەندامەی پەکەکە کە لەناو کەمپەکەدا نیشتەجێن، لێکۆڵینەوەی ئەمنی دەستپێدەکات. ئەو کەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە و سوود لە یاسا نوێیەکە وەربگرن، دوای تەواوبوونی پشکنینەکان بڕیار لەسەر دۆسیەکانیان دەدرێت تاوەکو بە تەواوی کۆتایی بە بوونی چەکداری و دۆسیەی کەمپی مەخموور بهێنرێت.