وۆڵ ستریت جۆرناڵ: کەنداو بەرامبەر ئێران دابەش بووە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران راگرتووە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە نێوەندگیرانی ناوچەکە بەتایبەت قەتەر پێشکەوتنی بەرچاویان لە گەڵاڵەکردنی پلانێک بۆ کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمز بەدەستهێناوە، هاوکات چەند وڵاتێکی کەنداو فشاریان خستووەتە سەر سەرۆکی ئەمریکا تا رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ لەگەڵ تاران هەڵبژێرێت.

راگەیەندراوە لەناکاوەکەی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە دەکرد، هێرشەکانی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، لانی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی. ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی ترەمپدا، گوزارشت لە شێوازی کارکردنی ئەو دەکات کە هەمیشە لە نێوان هەڕەشەی توند و لێدوانی ئارامکەرەوە سەبارەت بە نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ تاراندا هاتوچۆ دەکات

هەوڵە نێوەندگیرییەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

نێوەندگیرانی ناوچەکە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ناچارکردنی ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ. لەم چوارچێوەیەدا، نێوەندگیرانی قەتەری ڕۆژی شەممە پێشنیازێکی نوێیان پێشکەشی ئێران کرد بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز. دیپلۆماتکارانی ئێرانی بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی پێشنیازەکەیان داوەتەوە، ئەمەش ئومێدی سازانی لە دۆخەکەدا زیاتر کردووە. دیپلۆماتکارێکی ئێرانی پشتڕاستی کردووەتەوە کە تاران نەرمی نواندووە بەرامبەر بە پێشنیازەکە، هەرچەندە هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئایا لە کۆتاییدا ڕێککەوتنی لەسەر دەکەن یان نا.

پێشنیازە نوێیەکە سیستمی هاتوچۆ و ڕێڕەوی کەشتییەکان لە گەرووەکە دەگۆڕێت؛ گەروویەک کە ئێران لە کەناری باکوور و عومان لە کەناری باشووریدایە. ئێران لە هەفتەی رابردوودا پێداگری دەکرد لەسەر ئەوەی کۆنترۆڵی لانی کەم بەشێک لە هەردوو رێڕەوەکەی گەرووی هورمزی لەدەست بێت، کە لە سەدا 20ـی بازرگانیی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

رۆژنامەکە ئاماژەشی داوە، هێشتا روون نییە کە ئەم پێشنیازە نوێیە چۆن کێشە سەرەکییەکە چارەسەر دەکات، کە ئەویش داواکاریی ئێرانییە بۆ وەرگرتنی باج لەو کەشتیانەی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن؛ هەڵوێستێک کە پێشتر ئەمریکا بە توندی دژایەتی کردووە. لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، دیپلۆماتکارانی ئێرانی رۆژی هەینی بیرۆکەی نوێیان پێشکەش کردووە بۆ کردنەوەی ئەم گەرووە ستراتیژییە و لادانی سزاکانی سەر نەوتی وڵاتەکەیان.

پەیوەندییەکەی بن سەلمان و ترەمپ و هەڵوێستی سعوودیە

چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیەندراوەکەی ترەمپ، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجام دا و تێیدا جەختی لە پێویستیی گفتوگۆ بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا کردەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی میدیا فەرمییەکانی سعوودیە، هاندانی گفتوگۆ رێگە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی خۆش دەکات کە ئەنجامی ئەرێنی هەبێت و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت و رێگری بکات لە خلیسکانی ناوچەکە بەرەو ناکۆکییەکی بەرفراوانتر کە کارگەریی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتیش دەبێت.

شازادەی جێنشینی سعوودیە داوای روونکردنەوەشی لە ترەمپ کردووە سەبارەت بە ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران و هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکان. لە پشت پەردەوە، وڵاتانی کەنداو نیگەرانن لەوەی کە وەک نەبوونی ستراتیژییەکی روونی ئەمریکا لەم جەنگە بەردەوامەدا دەیبینن، بەتایبەت کە خاکەکانی ئەوان بووەتە ئامانجی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران. هاوپەیمانانی کەنداو لە هەفتەکانی رابردوودا داوای موشەکی بەرگریی ئاسمانیی زیاتر و گەرەنتی بەردەوامیان لە ئەمریکا کردووە بۆ پاراستنیان لە ئەگەری بەردەوامبوونی پێکدادانەکان.

دوێنێ شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتاکانی لە چەندین وڵات لەوانە سعوودیە، تورکیا و پاکستان قسەی کرد و پێی ڕاگەیاندبوون، ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل هێرش بکەن، تاران بە توندی بەرگری لە خۆی دەکات و واشنتن بەرپرسیارێتیی دەرهاویشتەکان هەڵدەگرێت.

دابەشبوونی دەڵەتانی کەنداو لەسەر پرسی توندکردنەوەی هێرشەکان

هەموو وڵاتانی کەنداو هاوڕانی نین لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان. بەرپرسانی باڵای کەنداو ئاشکرای دەکەن کە هەندێک وڵاتی وەک ئیمارات لە رۆژانی رابردوودا فشاریان خستووەتە سەر ترەمپ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر دژی ئێران؛ بەو پێیەی پێیان وایە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) سازش ناکات مەگەر کاتێک ئەمریکا هێرشەکان توندتر بکات، کۆنترۆڵی گەرووەکە بگرێتە دەست و تەنانەت بیر لە ئۆپەراسیۆنی زەمینیش بکاتەوە.

لە بەرامبەردا، سعوودیە بەردەوام لەگەڵ هێورکردنەوەی دۆخەکەدا بووە و تەنانەت پێشتر رێگری لە هەوڵێکی سەربازیی ئەمریکا کردبوو بۆ کردنەوەی زۆرەملێی تەنگەی هورمز، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ناکۆکییەکی دیپلۆماسیی بەرفراوان لە نێوان واشنتن و ریاز، هەرچەندە سعوودیە دواتر پاشەکشەی کرد بەڵام زیان بە پەیوەندییەکانیان گەیشت و بە ئاسانی چاک نابێتەوە.

لێکدانەوەی سیاسیی ترەمپ و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول

ئیسرائیلییەکان تێدەگەن کە ترەمپ رێککەوتنێکی بەلاوە باشترە لە جەنگێکی بەرفراوان کە تێچوویەکی زۆری بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. راپرسییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا نیشان دەدەن کە جەنگ لەگەڵ ئێراندا لە رووی جەماوەرییەوە زۆر ناپەسندە و زیان بە ئومێدی کۆماریخوازان دەگەیەنێت لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا لە مانگی تشرینی دووەمدا.

بەرپرسانی ئێرانی ئاگاداری ئەم خاڵە لاوازە سیاسییەی ترەمپن و دەیانەوێت سوودی لێ وەرگرن. دیپلۆماتکارێکی ئێرانی دەڵێت ئەگەر دیپلۆماسی شکست بهێنێت، سوپای پاسداران بیر لە هێرشی پێشوەختە دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش هێرش نەکات.

باڵادەستیی وڵاتانی کەنداو بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا

دانی سیترینۆڤیچ، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل و توێژەری ئێستای پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نیشتمانی لە تەلئەڤیڤ، دەڵێت: لە کاتێکدا پێشتر ئیسرائیل دەسەڵاتی زیاتری هەبوو بۆ هاندانی ترەمپ بۆ دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتی ابردوودا، ئێستا هاو کێشەکە پێچەوانە بووەتەوە. وڵاتانی کەنداو ئێستا کاریگەریی زیاتریان بەسەر بڕیارەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە، لە کاتێکدا کاریگەریی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت.

سیترینۆڤیچ لەم بارەیەوە دەڵێت: "وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە و قەتەر سەقامگیرییان لە هەموو شتێک زیاتر بەلاوە گرنگە. هەمووان دەزانن چی روودەدات ئەگەر ژێرخانی ئێران بکرێتە ئامانج؛ ئێران هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو. بۆیە لە ناو وڵاتانی کەنداودا ئەو تێگەیشتنە دروست بووە کە ئەگەر رووداوێکی لەو شێوەیە رووبدات، تێچووەکەی زۆر گەورە دەبێت."