بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی توند ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و رایدەگەیەنێت، کڕین، فرۆشتن و بەکرێدانی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی ئابی 2026، سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند "هەستمان کردووە لەبەردەم بەنزینخانەکاندا ژمارەیەک کەس خەریکی مامەڵەپێکردن و کڕین و فرۆشتنی کارتی سووتەمەنی یان بەکرێگرتنی ئەو کارتەیانەن، بۆیە بڕیارمانداوە رێکاری توند بگرینە بەر."
بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکانیان لە بەنزینخانەکان چاودێرییەکی ورد دەکەن و گوتی "هەر کارتێک بێتە بەنزینخانەکان، پشکنینی بۆ دەکەین، ئەگەر بزانین کارتەکە هی کەسی بەکارهێنەر نییە یان بەکرێی گرتووە، ئۆتۆماتیکی کارتەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەیسووتێنین (لەکاریدەخەین)."
هاوکات لە ئاگاداریی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێردا هاتووە، هەر هاووڵاتییەک کارتی سووتەمەنییەکەی بۆ کڕین و فرۆشتن بەکاربهێنێت، ئەم سزایانەی بەسەردا دەسەپێت:
1- دەستبەجێ دەست بەسەر کارتەکەدا دەگیرێت.
2- کارتەکە بۆ هەمیشە پەکدەخرێت و چیتر کارا ناکرێتەوە.
3- خاوەنی کارتەکە لە داهاتوودا لە وەرگرتنی گشت جۆرە سووتەمەنییەک بێبەش دەکرێت.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێردایە بۆ رێگریکردن لە قۆرخکاری و پاراستنی مافی هاووڵاتییان لە وەرگرتنی سووتەمەنی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.