عێراق بۆ کوەیت: پابەندی پاراستنی سەروەری دراوسێکانمانین
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە کوەیت، لە پەیامێکی فەرمیدا بەبۆنەی 34مین ساڵیادی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، رایگەیاند؛ وڵاتەکەی بە تەواوی لاپەڕەی رابردووی هەڵداوەتەوە و قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، عەلی تائی، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە کوەیت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی قەبەسی کوەیتی جەختی کردەوە، عێراقی نوێ پابەندە بەوەی رێگە نەدات خاک یان ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ زیان گەیاندن بە ئاسایشی کوەیت یان هەر وڵاتێکی دیکەی کەنداو بەکاربهێنرێت. گوتیشی: "عێراق دەست دەگرێت بە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، چونکە ئاسایش و سەقامگیری کوەیت بەشێکی دانەبڕاوە لە گرنگییەکانی عێراق."
کاربەڕێکەرەکەی عێراق گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمایەکی پتەوی رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە. ئێمە قۆناخێکی پڕ لە ئازارمان تێپەڕاندووە و ئێستا بەرەو بونیادنانی داهاتوویەکی پڕ لە متمانە و هاوکاری هەنگاو دەنێین."
سەبارەت بەوەی ئایا عێراق توانیویەتی شوێنەوارەکانی رابردوو تێپەڕێنێت، تائی ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هەنگاوی گرنگی ناوە لە بونیادنانی پردی پەیوەندی سیاسی، ئابووری و میللی، بەڵام جەختیشی کردەوە، چەسپاندنی متمانە پرۆسەیەکی بەردەوامە و پێویستی بە پەیوەندی و هاوکاری زیاتر هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی تائی ئاماژەی بەو دۆسیانە کرد، لە نێوان هەردوو وڵاتدا کارکردنیان لەسەر دەکرێت، لەوانە؛ تەواوکردنی پرۆسەی دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بپارێزێت، یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بێسەروشوێنبووانی کوەیت، کە حکوومەتی عێراق وەک دۆسیەیەکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
لە کۆتاییدا تائی دووپاتی کردەوە، ئاسایشی ناوچەکە پێکەوە بەستراوەتەوە و عێراق هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەریی وڵاتانی دراوسێ بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەبینێت.