خەرازی: پزیشکیان 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێرانی و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لە لێدوانێکی نوێدا ئاشکرای کردووە، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا ئێستا 28جار بە فەرمی یان بە نافەرمی هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە.
محەمەد باقر خەرازی، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێرانی و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بنەماڵەی عەلی خامنەیی، ئاماژەی بەوە کردووە؛ ناکۆکییەکان لە لووتکەی دەسەڵات گەیشتوونەتە ئاستێک، عەلی خامنەیی هۆشدارییەکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی پزیشکیان کردووە و پێی راگەیاندووە: "ئەگەر جارێکی دیکە دەست لەکار بکێشیتەوە، داواکارییەکەت قبوڵ دەکرێت."
بە وتەی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێران، ئەم پەیامەی رێبەر بەفەرمی بە بەرپرسانی حکوومەت گەیشتووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆککۆمار و تیمەکەی لە هەڵوێستەکانیان پاشەکشە بکەن و چیتر باسی دەستلەکارکێشانەوە نەکەن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خەرازی بانگەشەی ئەوەی کرد، گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناوەندەکانی بڕیاردان بەڕێوەیە. رایگەیاندووە، بڕیارە محەمەد باقر زولقەدر لە پۆستی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دوور بخرێتەوە و موحسین رەزایی راوێژکاری سەربازیی رێبەر لە شوێنی دابنرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیار دراوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، چیتر دەستوەردان لە دۆسیەی دانوستانە ناوەکییەکاندا نەکات.
ئەم لێدوانانە کاردانەوەی توندی لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی ئێران لێکەوتەوە. ئەحمەد زەیدئابادی، رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسیی ناسراو، داوای لە دامەزراوە فەرمییەکان کرد راستی و دروستیی ئەم قسانە بۆ رای گشتی روون بکەنەوە.
زەیدئابادی رەخنەی توندی لە کەسایەتی خەڕازی گرت و مێژووی هەڕەشە توندەکانی دژ بە چاکسازیخوازانی وەبیرهێنایەوە و گوتی: "بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە لەم بارودۆخە هەستیارەدا، تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی نوێ و تێکدانی سەقامگیری سیاسی وڵات."