سێنتکۆم: ئاراستەی 44 کەشتیی بازرگانیمان گۆڕیوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە چوارچێوەی توندکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران، تا ئێستا ئاراستەی 44 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و چالاکیی چەند کەشتییەکی دیکەشیان پەکخستووە.
سێنتکۆم لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران. فەرماندەیی ناوەندی ئاراستەی 44 کەشتیی بازرگانی گۆڕیوە، دوو کەشتی پەکخستووە، و چوونەتە سەر پشتی دوو کەشتی دیکەش بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین."
ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا دوای دەستپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکان دێت، واشنتن بەسەر ئێرانی سەپاندووە بۆ رێگریکردن لە بازرگانییە نایاساییەکان و گواستنەوەی چەک و نەوت.
لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە: "دەستێوەردانە نایاساییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کەشتییەکان لە ناوچەکەدا بێ وەڵام نامێنێتەوە."
هەروەها سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، هێزە سەربازییەکانی ئێران بەردەوامن لە سەپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر گەرووی هورمزدا و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران دەکەن.