لە رانیە بەنزینی پاڵپشتیکراو بە سیستەمی تاک و جووت دابەش دەکرێت
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو 750 دیناری بە سیستمی تاک و جووت لە شاری رانیە دابەش دەکرێت.
قایمقامییەتی رانیە لەپێناو رێگری کردن لە دروستبوونی قەیرانی بەنزین و کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر بەنزینخانەکان، بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە دابەشکردنی بەنزین بەسەر شۆفێراندا بە شێوەی سیستمی تاک و جووت بێت و هەر شۆفێرێک بڕی 40 لیتر بەنزینی پێ بدرێت.
سەبارەت بە دابەشکردنی بەنزین و چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکە، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، بە کوردستان24ـی راگەیاند "دوای کەمبوونەوە و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی راپەڕین بڕیاریان داوە رۆژانە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی 750 دینار، لە رێگەی پسوولەوە و بە سیستمی تاک و جووت بەسەر شۆفێرەکاندا دابەش بکەن."
ئاماژەی بەوەش کرد، بەنزینی پاڵپشتیکراو تەنیا لە سەنتەری شاری رانیە دابەش دەکرێت و تەواوی قەزا و ناحییەکانی سنوورەکە لەم بەنزینە بێبەش دەبن. هەروەها رایگەیاند، بۆ ئەوەی قەیرانی بەنزین دروست نەبێت، رۆژانە پێویستییان بە 150 هەزار لیتر بەنزین هەیە و ئەگەر ئەو بڕە بگاتە بەنزینخانەکان، رووبەڕووی قەیرانی کەمی و نەمانی بەنزین نابنەوە.
لای خۆیەوە، قایمقامییەتی رانیە بڕیاری داوە کە دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی پسوولەوە بە دروستکردنی دوو ریز لە بەردەم دەرگای بەنزینخانەکەدا بەڕێوە بچێت و هیچ شۆفێرێک بۆی نییە دوو پسوولە وەربگرێت.
بەپێی سیستمی نوێ، دابەشکردنی بەنزین بەم شێوەیە دەبێت:
رۆژانی شەممە، دووشەممە و چوارشەممە: بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان "جووت"ـە.
رۆژانی یەکشەممە، سێشەممە و پێنجشەممە: بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە کۆتا ژمارەی تابلۆکانیان "تاک"ـە.