وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: بەم نزیکانە ئەگەر هەیە لەگەڵ ئێران رێکبکەوین
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن و تاران نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا و دابینکردنی "ئازادیی هاتوچۆ" لەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 04ی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNBC" رایگەیاند، ئەگەر هەیە ئەمڕۆ یان سبەی چوارشەممە، ئەمریکا و ئێران بگەینە رێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، بە شێوەیەک کە ئازادیی هاتوچۆ بۆ کەشتییە بازرگانییەکان مسۆگەر بکات.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئێرانییەکان لە گفتوگۆداین، هەلێکی باش هەیە کە ئەمڕۆ یان سبەی بگەینە رێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووەکە و هەنگاونان بەرەو دۆخێکی ئاساییتر لەم ململانێیەدا."
سەبارەت بەوەی ئایا ئێران رێگەی پێدەدرێت باج لە کەشتییەکان وەربگرێت، بێسێنت جەختی لەوە کردەوە کە رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای "ئازادیی هاتوچۆ" دەبێت و گوتی: "هاتوچۆ ئازاد دەبێت، سەرەڕای ئەوەی دۆخەکە لە چەند رۆژی رابردوودا کەمێک ئاڵۆز بووە، بەڵام ئێستاش دەبینین کە ژمارەیەک کەشتی لە گەرووەکە دێنە دەرەوە."
ئەم لێدوانانەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا و هەر جۆرە پەککەوتنێک تێیدا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی جیهان دەبێت.