ترەمپ: ئەگەر تاران رێکنەکەوێت رووبەڕووی هێرشی سەربازیی دەبێتەوە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەرووی هورمز زۆر بەمزووانە دەکرێتەوە، هاوکات هۆشداریی توندی دایە تاران و رایگەیاند؛ ئەگەر گفتوگۆکان شکستیان هێنا، ئێران رووبەڕووی هێرشێکی سەربازیی توند و کوشندە دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاشکرای کرد: "خەریک بوو هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان ئەنجام بدەین کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە هاوشێوەی نەبووە، بەڵام ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوە کردم و داوای گفتوگۆیان کرد."
سەبارەت بە چارەنووسی گەرووەکە، ترەمپ گوتی: "گەرووی هورمز زۆر بەمزووانە دەکرێتەوە، ئەگەر واش نەبێت، ئێران گورزێکی زۆر کوشندەی بەردەکەوێت و دوای ئەوە گەرووەکە هەر دەکرێتەوە." هەروەها جەختی کردەوە "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و هەر رێککەوتنێکی نوێ دەبێت گەرەنتی فەرمی بۆ ئەم بابەتە تێدابێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا گفتوگۆی زۆر باش لە ئارادایە"، هەرچەندە ئێران بەردەوام بوونی گفتوگۆی راستەوخۆ رەتدەکاتەوە. ترەمپ گوتی: "ئەوان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن، ئەگەر رێککەوتنیش نەکرێت ئەوە شتێکی ناخۆش دەبێت بۆیان، چونکە ئەگەر بەردەوام نەبن لە دانوستان، گورزێکی یەکجار توندیان بەردەکەوێت."
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن لە ئارادابێت و گوتی: "گفتوگپکانی ئێمە ئێستا تەنیا لەگەڵ عومانە، ئەویش بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام لە گەرووی هورمزدا."
بەقایی روونیکردەوە، تاران بەدوای رێڕەوێکی قبوڵکراو بۆ هەردوولایە کە نە رێڕەوی باکوور بێت و نە باشوور، بەڵکو رێڕەوێک بێت، سەروەریی هەردوولا و بەرژەوەندییە نیشتمانی و ئەمنییەکانیان بپارێزێت.
ئێران ئێستا بە کردەیی کۆنترۆڵی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز کردووە و کەشتییەکان ناچار دەکات بە هەماهەنگی و لە رێڕەوی کەناراوەکانی ئەودا تێپەڕن، هەروەها رایگەیاندووە، بە نیازە کرێی خزمەتگوزاری لەو کەشتیانە وەربگرێت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن؛ ئەوەش شتێکە ئەمریکا رەتی دەکاتەوە و جەخت لەسەر ئازادیی گەشتیاریی دەریایی دەکاتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لێکگەیشتنێک بۆ ماوەی 60 رۆژ واژۆ کرا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی، بەڵام ئەو هەوڵانە لە سەرەتای مانگی تەممووزدا بەهۆی دەستپێکردنەوەی پێکدادانە سەربازییەکان شکستیان هێنا و گرژییەکان جارێکی دیکە لە گەرووی هورمزدا گەیشتنە لووتکە.