لە میسان ئەفسەرێکی ساختە دەستگیر کرا
دەستەی دەسپاکی عێراق رایگەیاند، لە پارێزگای میسان کەسێکیان دەستگیر کردووە کە بەناوی ئەفسەر لە دەزگا ئەمنییەکان، خەریکی سەرانەوەرگرتن و وەرگرتنی بەرتیل بووە. تۆمەتبارەکە داوای 10 ملیۆن دیناری لە هاووڵاتییەک کردووە بەرانبەر بە داخستنی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی میسان سەر بە دەستەی دەسپاکی فیدراڵی ئاشکرای کرد، دوای بەدواداچوون و چاودێرییەکی ورد، مەفرەزەکانیان توانیویانە کەسێک دەستگیر بکەن کە خۆی وەک ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ناساندووە.
تۆمەتبارەکە هەوڵی داوە هاووڵاتییەک هەڵبخەڵەتێنێت و داوای 10 ملیۆن دیناری لێ کردووە، بەو بەڵێنەی کە دەتوانێت دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لەو بەڕێوەبەرایەتییە دابخات. لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا، بەشێک لە پارەی بەرتیلەکەی پێ گیراوە کە وەک پێشەکی لە هاووڵاتییەکەی وەرگرتبوو.
دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەش کرد، رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە گیراونەتە بەر و رەوانەی لای دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە. دادوەریش بڕیاری داوە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983، تۆمەتبارەکە رابگیرێت و لێکۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵدا بکرێت.