بۆ پرسی مووچە پەرلەمانی عێراق هەوڵی بەستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەدات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە دۆخی دارایی و پرسی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ئەنجام بدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، سائیر کەعبی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "148 پەرلەمانتار داواکارییەکی فەرمییان واژۆ کردووە و ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردووە بۆ بەستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی." ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ناوچەکە بە ئاراستەیەکی مەترسیداردا دەڕوات و ئەمەش پێویستی بە هەڵوێست هەیە.

ئەو پەرلەمانتارە روونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ تاووتێکردنی هێرشە ئەمنییەکانی ئەم دواییە نییە، بەڵکو تەوەرێکی سەرەکی تایبەت دەبێت بە دۆخی دارایی و پرسی مووچە، چونکە پێویستە راستی دۆخی ئابووریی وڵات بۆ خەڵک و پەرلەمان روون بێتەوە. جەختیشی کردەوە، پەرلەمان پاڵپشتی حکوومەت دەکات و ئامادەیە هەر یاسایەک دەربکات کە یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.

لەلایەکی دیکەوە، عامر نەسروڵڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوای کرد، وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدات لەسەر رێکارەکانی وەزارەتەکەی بۆ چارەسەری قەیرانەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دەستەبەرکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا.

نەسروڵڵا گوتیشی: "بەردەوامیی دواکەوتنی مووچە بارگرانییەکی گەورەی لەسەر شانی فەرمانبەران و خانەنشینان دروستکردووە و کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر بازاڕ و بژێوی خەڵک، بۆیە ناکرێت پەرلەمان بێدەنگ بێت و دەبێت رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دواکەوتنانە بگیرێت."