هاتوچۆی هەولێر: تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان جیادەکرێتەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا تابلۆی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان جیا بکاتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ئاسانکارییە لە کاتی رووداوەکاندا، بەتایبەت لە کاتی ئاگرکەوتنەوە کە پێویستیان بە مامەڵەی تایبەت هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە "Plug in" یان تەواو کارەباییەکان جیاکارییان بۆ بکرێت.

عەقید هێمن ئاماژەی بەوە کرد، تابلۆ نوێیەکە هەمان شێوەی تابلۆکانی دیکەی دەبێت، بەڵام لۆگۆیەکی تایبەتی لەسەر شێوەی "بروسک" بۆ زیاد دەکرێت کە هێمای کارەبایە، ئەمەش بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییەکان بناسرێنەوە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەم جیاکارییە، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر روونی کردەوە: "ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی تەواو کارەبایی ئاگر بگرێت، نابێت بە ئاو بکوژێندرێتەوە، بەڵکو دەبێت تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەرمانی تایبەت بەکاربهێنن، بۆیە بوونی ئەو لۆگۆیە تیمەکان ئاگادار دەکاتەوە کە چ جۆرە ئاگرکوژێنەوەیەک بەکاربهێنن."

هەروەها گوتیشی، لە داهاتوودا شوێنی تایبەت بۆ بارگاویکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دروست دەکرێت و ئەم رێکارانەش بە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان و رێکارە نێودەوڵەتییەکاندا هاوتەریب بێت، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەو جۆرە هێمایە بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەکار دەهێنرێت.