حکوومەتی هەرێم ژمارەیەک ئەمبوڵانسی بۆ تەندروستیی هەڵەبجە دابین کرد

بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنج ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانسی نوێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، دابین کرا.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە، پێنج ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانسی نوێی بە بڕی 435 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ئەو پارێزگایە دابین کرد.

بڕیاری دابینکردنی ئۆتۆمبێلەکانیش، لە رێککەوتی 25ـی ئایاری 2025، بە نووسراوی ژمارە (6514)ـی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرچووە، هەروەها ئۆتۆمبێلەکان لە جۆری (تۆیۆتا هایس - مۆدێل 2025)ـە.

دابینکردنی ئەم پێنج ئۆتۆمبێلە نوێیە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت دێت بۆ نوێکردنەوەی کەلوپەلە لۆجستی و پزیشکییەکان و کەمکردنەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەکانی سنوورەکە، کە هاوکار دەبێت لە خێراکردنی پرۆسەی فریاگوزاری بۆ دانیشتووانی پارێزگاکە.