پزیشکیان: پەیوەندیکردن بە رێبەری باڵا زۆر سەختە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران

 سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئێستا پەیوەندیکردن بە موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای وڵات زۆر سەختە، بەڵام بوونی ئەو وەک رێبەر بە خاڵێکی هێزی گەورە بۆ وڵاتەکە دادەنێت.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانەکانیدا کە تەلەفزیۆنی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن دووبەرەکی لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش نامەیەکی رێبەر سەبارەت بە یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ واشنتن کردووە بە بیانوو.

سەبارەت بە دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی، پزیشکیان بە توندی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و گوتی: "من دەستلەکارناکێشمەوە و لە پۆستەکەم دەمێنمەوە. ئەگەر بمەوێت دەستلەکاربکێشمەوە، بە شێوەیەکی فەرمی رایدەگەیەنم." ئەمەش دوای ئەوەی محەمەد باقر خەرازی ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای ئێران و کەسی نزیکی عەلی خامنەیی بانگەسەی ئەوەی کردبوو کە پزیشکیان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە 28 جار هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە و موجتەبا خامنەییش وتوویەتی ئەگەر جارێکی دیکە داوای دەستلەکارکێشانەوە بکات، رەزامەندی لەسەر دەدات.

پزیشکیان جەختی کردەوە، حکوومەتەکەی هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان هەیە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، باس لە بوونی ململانێ لە نێوان حکوومەت و دامەزراوە سەربازییەکان دەکەن. ئەو گوتی ئەو لایەنانەی هەوڵی نیشاندانی ناکۆکی لە نێوان ئەو و رێبەر دەدەن، ئامانجیان لاوازکردنی حکوومەتە.

پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، هەڕەشەکردنی دەستلەکارکێشانەوە پێچەوانەی ویستی رێبەرە، کارێکی نادادپەروەرانەیە بەرامبەر بەو کەس و هێزە سەربازییانەی کە لەگەڵ حکوومەت کار دەکەن.

موجتەبا خامنەیی لە دوای وەرگرتنی پۆستی رێبەر وەک جێگرەوەی باوکی (عەلی خامنەیی) کە لە 28ـی شوباتدا لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا، تا ئێستا بە شێوەیەکی گشتی دەرنەکەوتووە.