راپۆرتێکی پاکستانی: عێراق پردی نوێی ئابووریی ناوچەکەیە
پەیمانگای لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی پاکستان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات، پێگەی عێراق لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە؛ عێراق چیتر تەنیا گۆڕەپانی ململانێ هەرێمییەکان نییە، بەڵکو ئێستا وەک یاریزانێکی کاریگەر لە کەرتی وزە و دیپلۆماسیدا دەردەکەوێت و بووەتە پردێکی گرنگی پەیوەندییە ئابوورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، عێراق سەرەڕای بەردەوامیی هەندێک کێشەی سیاسی و ئەمنیی ناوخۆیی، توانیویەتی سوود لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە وەربگرێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەهێز بکات. عێراق ئێستا وەک خاڵی بەیەکگەیشتنی وڵاتانی کەنداو، ئێران، تورکیا و وڵاتانی شام دەبینرێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ هاوسەنگیی هێز.
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، عێراق وەک ئەندامێکی سەرەکیی ئۆپێك و یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت، سەنگی خۆی لە بازاڕی وزەی جیهانیدا پاراستووە. هاوکات، بەغدا توانیویەتی رۆڵی ناوەندێکی ناوبژیوانی بگێڕێت و لایەنە ناکۆکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە، بەتایبەت لەنێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیدا، ئەمەش پێگەیەکی دیپلۆماسیی متمانەپێکراوی پێ بەخشیوە.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، راپۆرتەکە عێراق بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ پاکستان وەسف دەکات. ئامارەکان ئاماژە بە گەشەیەکی بەرچاوی بازرگانی دەکەن؛ لە ساڵی 2024دا هەناردەی پاکستان بۆ عێراق گەیشتووەتە 97.2 ملیۆن دۆلار، لە بەرامبەردا هاوردەکردن لە عێراقەوە (بەتایبەت لە کەرتی گازدا) بۆ 253 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
پەیمانگای لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی پاکستان دەڵێت: "پێویستە ئیسلام ئاباد عێراق وەک بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتی درێژخایەنی خۆی بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینێت و کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بکات لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، تەندروستی و گەشتیاریی ئایینیدا."
راپۆرتەکە کۆمەڵێک پێشنیار دەخاتە روو، لەوانە؛ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاستبەرز و دامەزراوەیی لەنێوان بەغدا و ئیسلام ئاباد، پەرەپێدانی وەبەرهێنانی هاوبەش لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری، بونیادنانەوە و پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆییەکان. هەروەها هەماهەنگیی دیپلۆماسی لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ناوچەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
لە کۆتاییدا، راپۆرتەکە دوپاتی دەکاتەوە دەرکەوتنی سیستەمێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عێراقی کردووەتە چەقێکی ستراتیژی، کە نەک تەنیا بۆ سەقامگیری ناوچەکە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی دەوروبەر و جیهانیش گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.