وەبەرهێنانی دهۆک ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک پێشبینی دەکات ئەمساڵ 50 مۆڵەتی وەبەرهێنان بدات و جەختیش دەکاتەوە ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەران دەکەن.

د. هەڤاڵ سدیق ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵ دوای ساڵ مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان زیاد دەکات، ئەوەش بەهۆی ئاسانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ وەبەرهێنەران و بە ئامانجی گەشەکردنی زیاتری شار و شارۆچەکان.

گوتیشی، لە سەرەتای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە ساڵی 2006 ـەوە تاوەک ئێستا، لە سنووری پارێزگای دهۆک مۆڵەت بە 365 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە و تەنیا لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 159 پڕۆژە مۆڵەتیان پێدراوە.

ئاشکراشی کرد ساڵی رابردوو مۆڵەت بە 40 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ تا کۆتایی ساڵ مۆڵەت بە زیاتر لە 50 پڕۆژە بدرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکان جۆراوجۆرن و لە بوارەکانی کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، گەشتیاری، پیشەسازی و زۆرینەی سێکتەرەکان بووە.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک راشیگەیاند، تەنیا لە سەردەمی هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و لە ساڵی 2019 مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان کەمیکرد و لەو کاتەدا تەنیا مۆڵەت بە دوو پڕۆژەدراوە، ئەگەرنا ساڵ دوای ساڵ مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنانی زیاتر تۆمار دەکەن. ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆک بڕیارداوە هەر وەبەرهێنەرێک پڕۆژە لە ناوچەی کەم گەشەسەندوو جێبەجێ بکات لە کرێی خزمەتگوزارییەکانی خۆش دەبێت.

لە ساڵی 2006ـەوە لە دهۆک بە بەهای زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دراوە و دوای پڕۆژەکان گەشەسەندنی شارەکە چووەتە قۆناخێکی نوێ و زۆرینەی سێکتەرەکان بووژاونەتەوە. ئامانجی سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری شاروشارۆچکەکان و رەخساندنی هەلی کارە بە تایبەت بۆ گەنجان.