پەرلەمانی ئەڵمانیا خەڵاتی رێزلێنانی مرۆیی دەبەخشێتە دەزگای خێرخوازیی بارزانی
بەبۆنەی 21ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، پەرلەمانی ئەڵمانیا وەک رێزلێنانێک بۆ کارە مرۆییەکانی دەزگاکە، خەڵاتی رێزلێنانی مرۆیی پێشکەش بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، چەند پرسێکی گرنگی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا لە رووی مرۆیی و گەشەپێدانەوە راگەیاند.
موسا ئەحمەد ئاشکرای کرد، لە ماوەی داهاتوودا، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش دا، ئامانجی سەردانەکە بۆ رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوە بۆ هەماهەنگی زیاتر و گوتی: "ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم سەردانە بە زۆر گرنگ و بایەخدار دەبینین، بەتایبەتی لەم قۆناخەدا کە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن."
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەسەر دۆسیەی کوردانی ئێزدی کردەوە و رایگەیاند، پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان و باشترکردنی ژیانیان تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ دروستکردنی میکانیزمێکی ئاسایی و یاسایی بۆ ئەو گەنجانەی ئارەزووی کارکردن لە ئەڵمانیا دەکەن، ئەوەش لە رێگەی کردنەوەی خولی زمانی و پیشەیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی و وەک هێزی کار سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاماژە بەوە درا هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی 21 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە فەرمی خەڵاتی رێزلێنانی مرۆیی بەخشییە دەزگاکە. ئەم خەڵاتە وەک پێزانینێکە بۆ رۆڵی کاریگەری دەزگاکە لە هاوکاریکردنی لێقەوماوان و ئاوارەکان لە ناوچەکەدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا، موسا ئەحمەد سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و تیمەکانی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە هەولێر و دهۆک کرد کە هەمیشە هاوکار و هەماهەنگی کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون بۆ سەرخستنی ئەرکە مرۆییەکان.