وەزارەتی بەرگریی رووسیا: زیاتر لە 1100 درۆنی ئۆکرانیمان خستووەتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا پتر لە 1100 درۆن و 20 بۆمبی ئاراستەکراوی ئۆکرانییان تێکشکاندووە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەو ماوەیەدا نزیکەی 1400 سەربازی ئۆکرانی لە بەرە جیاوازەکانی شەڕدا کوژراون و بریندار بوون و چەندین ناوەندی وزە و لۆجستی ئۆکرانیاشیان پێکاوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راپۆرتی رۆژانەی خۆیدا ئاشکرای کرد، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی 1155 درۆن و 20 بۆمبی ئاراستەکراویان خستووەتە خوارەوە. هاوکات فڕۆکەیەکی سەر بە کەشتیگەلی دەریای رەش، بەلەمێکی بێفڕۆکەوانی سوپای ئۆکرانیای لە ئاوەکانی دەریای رەشدا تێکشکاندووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێزەکانی رووسیا ژێرخانی سووتەمەنی، وزە، گواستنەوە و ناوەندە لۆجستییەکانی سوپای ئۆکرانیایان پێکاوە. هەروەها کۆگاکانی درۆن و بنکەی کاتیی هێزە ئۆکراینییەکان و "چەکدارە بیانییەکان" لە 155 ناوچەی جیاواز کراونەتە ئامانج.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، مۆسکۆ رایگەیاندووە کە لە کەناراوەکانی ئۆدێسا، بە درۆنی هێرشبەر دوو کەشتیی بارهەڵگریان پێکاوە کە کەرەستەی سەربازییان بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا دەگواستەوە.
سەبارەت بە زیانە مرۆییەکانی سوپای ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 1395 سەربازی ئۆکرانی کوژراون و بریندار بوون، کە دابەشبوونیان بەسەر بەرەکاندا بەم شێوەیەیە:
- بەرەی باکوور (سۆمی و خارکۆڤ): 220 سەرباز.
- بەرەی رۆژاوا (خارکۆڤ و دۆنێتسک): 215 سەرباز.
- بەرەی باشوور (دۆنێتسک): 220 سەرباز.
- بەرەی ناوەڕاست (دۆنێتسک): 350 سەرباز.
- بەرەی رۆژهەڵات (دنیبرۆپێترۆڤسک و زاپۆرۆژیا): 345 سەرباز.
- بەرەی دنیبرۆ (زاپۆرۆژیا): 40 سەرباز.