پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: پڕۆژەیاسای چوارچێوە دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد دەکات
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی ئاشکرای دەکات، پڕۆژەیاسای چوارچێوە دۆسیەی کۆبانی دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، چونکە بڕیاری دادگا لەسەر دۆسیەکەیان هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
مێراڵ دانیش بێشتاش، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکدا رایگەیاند، پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی کە پێشکەشکی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کراوە و لە 12 ماددە پێکدێت؛ دۆسیەی کۆبانی دەگرێتەوە و هیچ قەدەخەیەکی سیاسی نوێ بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دروست ناکات.
هەروەها گوتی، بەپێی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە، ئەم دوو سەرکردەیە و سزادراوانی دیکەی دۆسیەی کۆبانی لە دەرەوەی ئەو جیاکارییەن کە یاساکە دیاری کردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دۆسیەکانیان هێشتا پلەی کۆتایی وەرنەگرتووە و لە قۆناخی پێداچوونەوەدان.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی دووپاتی کردەوە، دادگای پێداچوونەوە دەتوانێت پێش یەکلاییکردنەوەی تەواوی دۆسیەکە، بڕیاری ئازادکردنیان دەربکات و دواتر دادگای ناوخۆیی بڕیاری دواخستنی سزاکەیان بەپێی یاسا نوێیەکە بۆ جێبەجێ بکات.
بێشتاش وێڕای ناوهێنانی دەمیرتاش و یوکسەکداغ وەک بارمتەی سیاسی، جەختی لەوە کردەوە پێویستە بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێ دواکەوتن ئازاد بکرێن.
دۆسیەی کۆبانی یەکێکە لە دیارترین دۆسیە سیاسییەکانی مێژووی هاوچەرخی تورکیا و زیاتر لە 100 سیاسەتمەداری کورد تێیدا دادگایی دەکرێن. لە نێوانیاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان هەن، ئەم دوو سەرکردەیە لە کۆتایی ساڵی 2016ـەوە لە زینداندان.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دادگای تورکیا سزای 42 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دەمیرتاش و 30 ساڵیش بەسەر یوکسەکداغدا سەپاند، بەڵام دۆسیەکە هێشتا لە قۆناخی پێداچوونەوەدایە و بڕیاری کۆتایی وەرنەگرتووە.
پڕۆژەیاسای چوارچێوە لەم دواییەدا پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کراوە و رێگە بە دواخستنی سزای هەندێک لە زیندانییەکان دەدات. سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش، بەڵام حکوومەتی تورکیا تاوەکوو ئێستا ئامادە نییە بڕیارەکە جێبەجێ بکات.