وردەکاریی پڕۆسەی دامەزراندن بە گرێبەست لە وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەکاری بۆ کاراکردنی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی دەکات بە مەبەستی راگەیاندنی پرۆسەی دامەزراندنی گرێبەست بە شێوازی لە جێ دانان. لەم چوارچێوەیەدا، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی باڵا بە سەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و بەشداربوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی چۆنیەتی کاراکردنی سیستەمەکە بەڕێوە بچێت.

پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، توانا نەجەف محەمەدخان، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9ـی ئاب، کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، لە نێو وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی باڵا بە سەرپەرشتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە بەشداریی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە پرۆسەی دامەزراندن بەڕێوە دەچێت. 

بە گوتەی توانا نەجەف، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوە باڵاکە، بڕیار لەسەر دیاریکردنی رۆژی کاراکردنی سیستەمەکە بدرێت، هەروەها ئەگەر سیستەمەکە چالاک کرا، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندن، بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بێت.

سەبارەت بە رسووماتی پێدانی نووسراوی پشتگیری بە دەرچووان، بەڕێوەبەرە گشتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەر دەرچوویەکی زانکۆ کە بۆ مەبەستی پرۆسەی دامەزراندن بە گرێبەستی لەجێی دانان داوای پشتگیری دەکات، هیچ بڕە پارەیەکی لێ وەرناگیرێت، چونکە پشتگیرییەکە تەنیا بۆ مەبەستی پێشکەشکردنە.

توانا نەجەف روونکردنەوەی زیاتری دا و گوتی: "بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، نرخی پشتگیری بۆ هەر مەبەستێک بڕی 20,000 دینارە، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و کارئاسانی بۆ دەرچووان، بڕیاردراوە بۆ پرۆسەی دامەزراندن بە گرێبەستی لەجێی دانان لەسەر میلاکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، پشتگیریی دەرچوون بە بێبەرامبەر بدرێتە دەرچووان."

هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەم بڕە پارەیە ئێستا وەرناگیرێت، بەڵام بۆ قۆناخی دوای دامەزراندن، مەرج نییە ئەو پارەیان لێ وەربگیرێتەوە و پێویستە چاوڕێی بڕیاری داهاتووی وەزیری خوێندنی باڵا بین لەو بارەیەوە.

 

مەرجە گشتییەکانی پێشکەشکردن:

-تەمەنی پێشکەشکار لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت و لە 40 ساڵ زیاتر نەبێت.

-دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت.

-لە هیچ دامەزراوەیەکی حکوومیدا بە شێوازی میلاک یان گرێبەست دانەمەزرابێت.

 

سیستەمی خاڵبەندی بە پێی بڕوانامە و لێهاتوویی:

بڕوانامەی ئەکادیمی:

بێ بڕوانامە: 0 خاڵ.

دیپلۆم: 2 خاڵ.

بەکالۆریۆس: 4 خاڵ.

دیپلۆمی باڵا: 5 خاڵ.

ماستەر: 6 خاڵ.

دکتۆرا: 7 خاڵ.

نازناوی زانستی: 3 خاڵ.

ساڵی دەرچوون:  بۆ هەر ساڵێک دوای دەرچوون، 1 خاڵ هەژمار دەکرێت.

کەسوکاری شەهیدانیش بیت خاڵی لەسەرە.

 

سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش (بۆ بەکالۆریۆس و دیپلۆم):

یەکەم: 3 خاڵ.

دووەم: 2 خاڵ.

سێیەم: 1 خاڵ.

 

بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی:

بڕوانامەی سەنتەرەکانی زمانی زانکۆ حکوومییەکان، یان بڕوانامە نێودەوڵەتییەکانی وەک (IELTS, TOEFL, PTE)، ئەوانەش خاڵیان لەسەرە.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕگانە وەک رەشنووسێک دانراون و ئەگەری کەموزیادکردنیان لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتیارەوە هەیە.

هەروەها جەختی کردەوە، کە هەموو کەسێک مافی پێشکەشکردنی هەیە و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکە، وەرگیراوان بە پێی شوێنی جوگرافی بەسەر زانکۆکاندا دابەش دەکرێن.