کەمبوونەوەی چەک لە ئەمریکا؛ ترەمپ فەرمانی لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و خێرا لەبارەی دزەپێکردنی زانیارییەکانی پەیوەست بە کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بکرێت، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەک راپۆرتی میدیایی کە باس لە دابەزینی ئاستی جبەخانەکانی سوپای ئەمریکا دەکەن.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، ترەمپ بەهۆی ئەو ناونیشانە "نەرێنییانەی" لە میدیاکاندا لەبارەی کەمبوونەوەی تەقەمەنی بڵاوکراونەتەوە، "تەواو توڕە بووە" و داوای لێکۆڵینەوەی کردووە. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئیدارەکەی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە؛ واشنتن هەموو ئەو توانایانەی هەیە کە پێویستن بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاران و هێزە جیهانییەکانی وەک رووسیا و چین.

لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بەدەستهێنانی هەندێک جۆری تەقەمەنی ئاسانترە لە هەندێکی تریان، بەڵام گوتی: "ئێمە هەمیشە زیاترمان دەوێت."

لە لایەکی دیکەوە، شۆن بارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاندووە کە سوپای ئەمریکا خاوەنی "جبەخانەیەکی قووڵ" و توانایەکی زۆرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات لە هەر کات و شوێنێکدا کە سەرۆک ترەمپ بڕیاری لێ بدات.

بەڵام تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمریکا بەتایبەت لە کاتی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، نزیکەی 80%ی سیستەمی سەرەکی بەرگریی موشەکی خۆی بەکارهێناوە. هەروەها پێنتاگۆن داوای 67 ملیار دۆلاری زیادەی لە کۆنگرێس کردووە بۆ پڕکردنەوەی تێچووی ململانێکان لەگەڵ ئێران و نوێکردنەوەی کۆگاکانی چەک کە ئاستیان بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS)، ئەمریکا لە ماوەی رووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ئێران (لە 27ی شوبات تاوەکو 27ی تەممووز)، لە نێوان 1500 بۆ 1600 موشەکی "پاتریۆت" و نزیکەی 200 موشەکی سستەمی "تاد"ی بەکارهێناوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کۆگای موشەکەکانی پاتریۆت لە 2300 دانەوە بۆ کەمتر لە 830 دانە دابەزێت، و موشەکەکانی تاد-یش لە 452 دانەوە بۆ نێوان 234 بۆ 278 دانە کەم ببنەوە.

هاوکات، رۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئاشکرای کردووە کە هەفتەی رابردوو لە هاوینەهەواری "کامپ دەیڤید"، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا بە توندی لەگەڵ پیت هیگسێس، وەزیری جەنگ، تووشی گرژی و دەمەقاڵێ بووە.