درۆنەکانی ئۆکراینا گەورەترین کۆمپانیای بازرگانیی ئەلیکترۆنیی رووسیا دەکەنە ئامانج
دووبارە رووسیا کۆگاکانی کۆمپانیای وایڵدبێریزی بە ئامانج گرت
درۆنەکانی ئۆکرانیا کۆگایەکی سەر بە کۆمپانیای بازرگانیی ئەلیکترۆنیی "وایڵدبێریز"ی رووسییان لە قوڵایی خاکی ئەو وڵاتە کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە ناوەندەکەدا کەوتەوە.
رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، کۆمپانیای "وایڵدبێریز" لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "تیمەکانی بەرگریی شارستانی رەوانەی ناوەندی لۆجستیی کۆمپانیاکە لە شاری (یەکاتێرینبێرگ) کراون، کە بەهۆی هێرشەکەوە ئاگری لێکەوتووەتەوە"، کۆمپانیاکە دڵنیاییشی داوە کە سەرجەم کارمەندەکانیان بە سەلامەتی گواستراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە دێنیس پاسلەر، پارێزگاری ناوچەکە رایگەیاندووە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3 درۆن بەر سەربانی کۆگاکە کەوتوون بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە، رووداوەکە لە شارێکدا روویداوە کە زیاتر لە 2000 کیلۆمەتر (1250 میل) لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە.
لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزەوە، ئۆکرانیا نزیکەی 20 پێگەی سەر بەم کۆمپانیایەی کردووەتە ئامانج، کە زۆرجار وەک "ئەمەزۆنی رووسیا" ناودەبرێت.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 4 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی هێرشە بەرفراوانەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پرۆسەی دیپلۆماسی گەیشتووەتە بنبەست و هەردوولا هێرشە دوور مەوداکانیان چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی.