لە ناسریە ژمارەیەک فەرمانبەر و کاربەڕێکەر بە تۆمەتی ساختەکاری دەستگیرکران

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقار، دەستگیرکردنی ژمارەیەک فەرمانبەری شارەوانیی ناسریە و چەند کاربەڕێکەرێکی راگەیاند، کە دەست بەسەر چەندین مۆر و بەڵگەنامە و نووسراوی ساختەی پەیوەست بە زەوی و زاری نیشتەجێبووندا گیراوە.

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی قازیی دادگای لێکۆڵینەوەی دەسپاکی و ئەندامی داواکاری گشتی لە پارێزگاکە ئەنجامدراوە. پڕۆسەکە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەسپاکی لە زیقار و بە پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی پارێزگاکە جێبەجێ کراوە.

لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر ژمارەیەک مۆر، نووسراو و کۆنووسی ساختەی تایبەت بە دابەشکردنی پارچە زەوییە نیشتەجێبوونەکاندا گیراوە، جگە لەوەی چەندین وەکالەتنامە و بەڵگەنامەی دیکەی ساختەیان پێبووە. هەروەها پڕۆسەکە بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی چەندین ئامێری پەیوەندیکردن و چەک کە لە لای تۆمەتبارەکان بووە.

دادوەری تایبەتمەند ئاماژەی بەوە کردووە، دادگا رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر تۆمەتبارەکان گرتووەتە بەر و وتەکانیان بە شێوەی دادوەری تۆمار کراوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رەوانەکردنیان بۆ دادگای تایبەتمەند تاوەکو بەپێی یاسا دادگایی بکرێن.