رووسیا بە بۆمبی ئاراستەکراو چەند ناوەندێکی درۆنی ئۆکرانیای لەناوبرد
وەزارەتی بەرگریی رووسیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "سو-34" بە بۆمبی ئاراستەکراوی (FAB) چەندین ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی درۆنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمەکانی دەنێتسک و خارکێڤ دەکەنە ئامانج و لەناوی دەبەن.
رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، لە زنجیرە هێرشێکی ئاسمانیدا پێگەکانی سوپای ئۆکرانیا کراونەتە ئامانج و لەناوبراون. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو شوێنانەی تێکشکێنراون بریتین لە ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردنی درۆنی سەر بە لیواکانی 4 و 15ی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی نیشتمانی ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆبرەپۆلیا لە هەرێمی دەنێتسک.
هەر لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لیوای 105ی بەرگریی زەمینی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیایان لە ناوچەی براتینیتسیا لە پارێزگای خارکێڤ کردووەتە ئامانج و بە تەواوی تێکیانشکاندوون.
لە ڤیدیۆکەدا کە وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردووەتەوە، ساتەوەختی بۆردومانەکان بە بۆمبی FAB دەردەکەوێت، کە تێیدا هێرشەکان بە وردی ئامانجەکان دەپێکن و زیانێکی گەورە بە ژێرخانی سەربازیی ئۆکرانیا دەگەیەنن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی گرووپی باکور، ناوچەی ئانیسکینە-یان لە سنوری پارێزگای خارکێڤ بە تەواوەتی کۆنترۆڵکرد.