وەزارەتی ناوخۆی عێراق: سنوورەکانی عێراق لە دۆخێکی ئەمنیی زۆر باشدان
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە سنوورەکانی وڵات لە ئاستێکی بەرزی ئاسایش و سەقامگیریدان، ئاماژە بەوەش دەکات؛ بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای چاودێریی پێشکەوتووەوە، رێگریی تەواو لە هەوڵەکانی دزەکردن و قاچاخچێتی کراوە.
رۆژی هەینی 7ی ئانی 2026، لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند؛ بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانی فەرماندەیی هێزەکانی سنوور و بە پاڵپشتیی سەرجەم پێکهاتە ئەمنییەکان، سنوورەکانی عێراق لە دۆخێکی ئەمنیی زۆر باشدان. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە رێوشوێنەکانی چاودێری و کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی سنووری، رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سنووردارکردنی هەوڵەکانی دزەکردنی نایاسایی و قاچاخچێتی.
میری جەختی کردەوە، پاراستنی سنوورەکان بە کارامەییەکی زۆر و بەپێی پلانە ئەمنییە پێشکەوتووەکان بەڕێوەدەچێت، کە پشت بە تەکنەلۆژیای سەردەمیانە و بڵاوبوونەوەی مەیدانیی کاریگەری هێزەکان دەبەستێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردەوە، کە وەزارەتەکەیان بەردەوامە لە پەرەپێدانی تواناکانی هێزی سنوورپارێز بۆ زامنکردنی پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عێراق، و روونیکردەوە کە سەرجەم دەروازە و سنوورەکان لە ژێر چاودێری و رێکاری زۆر ورددان، بە شێوازێک کە بەرزترین ئاستی ئاسایش و ئاسانکاریی هاتوچۆ بەدی بهێنێت.