هاوپەیمانی مەسیحی: سەرۆک بارزانی و کوردستان په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بوون بۆ پێکهاتەکان

هاوپەیمانی مەسیحی لە یادی 93 ساڵەی رۆژی شەهیدی ئاشووریدا، ستایشی هەڵوێستە مێژووییەکانی سەرۆک بارزانی دەکات و رایدەگەیەنێت؛ لەو کاتەی رێگاکان لە پێکهاتەکان داخرابوون، سەرۆک بارزانی و کوردستان بوونە رووناکییەک لەناو تاریكی و په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ پاراستنی شکۆی کریستیانەکان و سەرجەم پێکهاتە نیشتمانییەکان.

لە دەقی راگەیەندراوەکەدا هاتبووە:

بە دڵێکی پڕ لە باوەڕ و دەروونێکی پڕ لە خەم، لە 7ی ئابدا رۆژی شەهیدی ئاشووری بە بیر دەهێنینەوە؛ ئەو رۆژەی کە یادی شەهیدانی کۆمەڵکوژیی سێمێل لە ساڵی 1933دا دەکاتەوە. ئەو کارەساتە بووە یەکێک لە لاپەڕە هەرە بەئێشەکانی مێژووی هاوچەرخی عێراق و برینێکی قووڵی لە ویژدانی گەلەکەماندا و لە ویژدانی هەر مرۆڤێکی باوەڕدار بە دادپەروەری و مرۆڤایەتی جێهێشت.

رۆڵەکانی گەلەکەمان گەڕانەوە سەر خاکی باب و باپیرانیان، واتە عێراق، وڵاتی مێزۆپۆتامیا، کە دوای کەوتنی نەینەوا لەوێ کۆچبەر کرابوون. پاش رێگەیەکی درێژی ئازار و دەربەدەری، کە لە هەکارییەوە بەهۆی کۆمەڵکوژی و زۆردارییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە دەستی پێکردبوو، کاروانەکانی کۆچبەرانی گەلەکەمان بە ئێراندا تێپەڕین و لە مێزۆپۆتامیا گەیشتنە ئامانج. ئەوان بە ئومێدی وڵاتێک کە باوەشیان بۆ بکاتەوە هاتبوون، بۆ پاراستنی بوون و شکۆی خۆیان.

بەڵام ئەو ئومێدە لە بەردەم کارەساتی سێمێلدا شکا، کاتێک خوێنی بێتاوانان لە سێمێل و دەیان گوندی تریشدا رژا، تاکو ئەو خوێنە ببێت بە شایەتییەکی نەمر لەسەر مەترسیی کینە و رق، و پەراوێزخستنی ئەوانەی دیکە و نادیدەگرتنی مافە رەواکانیان.

لەم یادە پڕ لە ئێشەدا، ئێمە هەروەها بە هەموو دڵسۆزییەکەوە ئەو پیاو و ئافرەتانە بە بیر دەهێنینەوە کە لە کاتی تەنگژەدا لە پاڵ گەلەکەماندا وەستان و دەستی هاوکاری و پاراستنیان بۆ درێژ کردن، لە کەسایەتییە ئایینییەکان و سیاسییەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان و دراوسێ بەڕێزەکانەوە، تاکو دەگاتە کەسایەتییە نیشتمانی کە زوڵمیان رەت کردەوە و باوەڕیان وابوو کە نرخی مرۆڤ بە نەتەوە و ئایینەوە پێوانە ناکرێت، بەڵکو بەو شکۆیەی کە لەلایەن خواوە پێی دراوە وەک مرۆڤ پێوانە دەکرێت.

چۆن گەلەکەمان ئەو کەسە بیر ناکاتەوە کە زوڵمی لێ کردووە، بەهەمان شێوە ئەو کەسانەش بیر ناکاتەوە کە دادپەروەرییان لەگەڵ کرد، پاڵپشتییان کردن و لە بەشداریکردنی پارووی نان و کاتی زەحمەتی و نەهامەتی شەریک بوون؛ چونکە وەفاداری لە قووڵایی رەوشت و مێژووی ئێمەدایە. بەرزترین نیشانەکانی ئەم هەڵوێستە بەڕێزانە لە هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەرکەوتن، کاتێک رۆڵەکانی گەلەکەمان و پێکهاتە نیشتمانییەکانی دیکە لە کاتێکدا لە باوەش گرت کە رێگە لە بەردەمیاندا داخرابوو و کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بوون بە رووناکی لە ناو تاریكیدا و پەناگەیەکی ئارام لەناو مەترسی و تیرۆردا.

کۆمەڵکوژیی سێمێل تەنیا کارەساتێک نەبوو کە تەنیا پەیوەندی بە ئاشوورییەکانەوە هەبێت، بەڵکو هۆشدارییەکی زوو بوو کە چاندنی کولتووری رق و کینە، سەردەستی، پشتگوێخستنی مافە رەسەنەکانی پێکهاتەکان و پەنابردن بۆ هێز لە شوێنی دادپەروەری دەتوانێت ببێتە هۆی چ کارەساتێک.

بەداخەوە، ساڵانی دوای ئەوە سەلماندیان کە عێراق دەرسی پێویستی وەرنەگرتووە، بۆیە کارەسات لەسەر پێکهاتە جۆراوجۆرە نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبییەکانی تریش دووبارە بوونەوە؛ لە کورد و تورکمانەوە، تاکو ئێزدی و کریستیانەکان (ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن)، سابیئەی مەندائی، عەرەبەکان لە هەموو رەنگ و ئینتماکانەوە، و پێکهاتەی تریش کە خەڵکی ئەم وڵاتەن. هەموو ئەمانە بوونە بەرهەمی ئەو هزره‌ی کە فرەیی رەت دەکاتەوە و مافی پێکهاتەی تر لە بوون، شکۆ و شەریکایەتی رەت دەکاتەوە.

یادکردنەوەی رۆژی شەهیدی ئاشووری ئەم ساڵە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی 12 ساڵەی کۆچبەرکردن و پاکتاوی نەتەوەیی ئەوەی کە لە دژی رۆڵەکانی گەلەکەمان – شانبەشانی براکانمان لە ناو وڵاتدا لە ئێزدی، کاکەیی و پێکهاتەکانی دیکە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش لە نەینەوا کرا. ئەمە بەڵگەیەکە لەسەر بەردەوامیی کولتووری کینە و رق و سڕینەوەی مافی هاوبەشی وڵات کە لە هەر سەردەمێکدا پێستی خۆی دەگۆڕێت، بەڵام هەمان ژەهری کوژەر هەڵدەگرێت کە جەستەی وڵات تووشی برینی سەخت دەکات کە بە ئەستەم ساڕێژ دەبن.

مێژوو سەلماندوویەتی کە وڵاتان بە زوڵم، کۆمەڵکوژی و ترساندن بەڕێوە نابرێت، بە پەراوێزخستن ئارام نابن، و تەنیا بە چەک ناپارێزرێن؛ بەڵکو ئەوان بە دادپەروەری دەپارێزرێن، بە شەریکایەتییەکی راستەقینە دەپارێزرێن، و بە رێزگرتنی فرەڕەنگی دەپارێزرێن.

تاکو هەر هاووڵاتییەک و پێکهاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینی هەست نەکات کە ئەو شەریکێکی تەواو راستەقینەیە لە وڵاتی خۆیدا، لە بەردەم یاسادا لەگەڵ کەسانی تردا یەکسانە، و ماف و شکۆی پارێزراوە، ئارامی هەر لاواز دەمێنێت و کارەساتەکان دووبارە دەبنەوە.

لەم روانگەیەوە، ئێمە جەخت دەکەینەوە کە پاراستنی فرە نەتەوەیی و ئایینی لە عێراقدا خێر و چاکە نییە لەلایەن کەسەوە، بەڵکو ئەوە ئەرکێکی دەستووری، ئەخلاقی و نیشتمانییە.

هەروەها باوەڕمان وا هەیە کە چارەسەرکردنی ستەمە مێژووییەکان، داننان بە مافە رەواکانی پێکهاتە رەسەنەکاندا و لە سەرووی هەموویانەوە مافی ئەوان لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆجێییەکانیان لە چوارچێوە دەستووری و یاساییەکاندا و بەهێزکردنی بەشداریی راستەقینەیان لە بڕیارداندا، پایەکانی سەرەکین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی ئارام و دادپەروەر کە تێیدا هەموو کەس یەکسان بێت.

لەم یادەدا، ئێمە داوا لە رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، بەتایبەت گەنجەکان، کە یادی شەهیدان وەک بەرپرسیارێتییەک هەڵبگرن نەک وەک بارگرانییەک، و ئازار بگۆڕن بۆ هێز، برینەکان بکەنە ئیرادە، و وەفاداری بکەنە کار. پاداشتکردنی هەرە باش بۆ شەهیدان ئەوەیە کە ئێمە نەبینە دیلی رابردوو، بەڵکو بەو خاکەی کە بە خوێنیان سوور بووە وەفا بکەین، بە رەگە مێژووییەکانی خۆمانەوە پابەند بمێنین، و باوەڕمان بەوە هەبێت کە داهاتووی ئێمە بە زانست، کار، یەکڕیزی، و ئاگابوونەوە، و دروستکردنی پرد لەگەڵ هەموو شەریکەکانمان لە وڵاتدا دروست دەبێت.

شەهیدانی سێمێل نەمر بوون بۆ ئەوەی گەلەکەیان نەبێت بە دیلی خەم، بەڵکو بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، بە سەرسەختی بە خاک، ناسنامە و باوەڕی خۆیەوە پابەند بمێنێت، و باوەڕی بەوە هەبێت کە دادپەروەری، هەر چەندە دواش بکەوێت، تاکە رێگایە بۆ دروستکردنی ئاشتیی راستەقینە.

سڵاو و رێز بۆ شەهیدانی سێمێل، و بۆ هەموو شەهیدانی گەلەکەمان.
رەحمەت بۆ سەر گیانی پاکیان بێت.

و پەیمان ئەوەیە کە ئێمە بۆ پەیامی ئەوان هەمیشە دڵسۆز بمێنین، نوێنەری راستەقینەی گەلەکەمان بین، بە خاک و وڵاتی خۆمانەوە پابەند بین، و کار بکەین بۆ وڵاتێک کە لەسەر سەروەریی یاسا، هاووڵاتیبوونی یەکسان، شەریکایەتیی راستەقینە، و رێزگرتنی مرۆڤ بنیات بنرێت، تاکو هەموو کەس لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسان بێت، بێ جیاوازی یان پەراوێزخستن، تاکو وڵاتمان ببێتە وڵاتی هەموو رۆڵەکانی خۆی بە دادپەروەری.

ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی مەسیحی
7ی ئابی 2026