سێنتکۆم: رێڕەوی 51 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە دەستپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکان بۆ سەر ئێران لە 14ـی تەممووزی رابردووەوە، رێڕەوی 51 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026، سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان چالاکیی دوو کەشتییان پەکخستووە و چوونەتە سەر پشتی دوو کەشتیی دیکەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە گەمارۆیەکانەوە.
هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆکانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا رێککەوتنێک بێتە ئاراوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت، بەو مەرجەی رێککەوتنێک واژۆ بکرێت کە دەستەبەری هاتووچۆی ئازادانەی کەشتییە بازرگانییەکان بکات بەبێ هیچ رێگرییەک. جەختیشی کردەوە، هەنگاوەکانی ئەمریکا بەستراوەتەوە بە گۆڕانکارییەکانی مەیدانی و ئاستی پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانییەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند؛ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ڤەردەوامە.
لەم نێوەندەدا، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری دیپلۆماتکارێکی وڵاتانی ناوەندگیرەوە بڵاویکردەوە، دانوستانکارانی ئێران چاوەڕێی رەزامەندی کۆتایی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەکەن لەسەر لێکگەیشتنێکی تایبەت بە گەشتی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.
فەرماندەیی سەربازی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە گەرووی هورمز دەبێت ئازاد و کراوە بێت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان، بەتایبەت لەو رێڕەوانەی دەکەونە نزیک کەناراوەکانی عومان. لە بەرامبەردا، تاران پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی وەک وڵاتێکی کەناراو، دەبێت رۆڵی هەبێت لە رێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لەو مەڵبەندە ستراتیژییەدا.