لە ئەنبار دەست بەسەر نزیکەی 500 سەرەگوللەتۆپی داعشدا گیرا
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار لە عێراق رایگەیاند، رۆژی هەینی، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی پشکنین لە بیابانی ناوچەی تایش دووەم، دەستیان بەسەر 6 سندووقی تەقەمەنیدا گرتووە کە 480 سەری گوللەتۆپی عەیار 57ملمی بەجێماوی چەکدارانی داعشی تێدابووە.
پۆلیسی ئەنبار لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی کردووە، بەگوێرەی رێکارە یاسایی و ئەمنییە پەسەندکراوەکان مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکاندا کراوە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
پاشماوە جەنگییەکانی رێکخراوی داعش لە مین، بۆمبی چێنراو و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان تا ئێستاش وەک مەترسییەکی کوشندە لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەمێننەوە و بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم سەقامگیریی پارێزگا ئازادکراوەکانی عێراقدا.
لە 4ـی حوزەیرانی رابردوودا بەهۆی تەقینەوەی مینێکی بەجێماوی داعش لە قەزای روومادی (ناوەندی پارێزگای ئەنبار)، هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
رێکخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی 2014دا دەستی بەسەر پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین، ئەنبار و بەشێک لە دیالە و کەرکووکدا گرت کە نزیکەی سێیەکی خاکی عێراقی پێکدەهێنا، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2017دا عێراق بە فەرمی سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی راگەیاند بە هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.