پێنتاگۆن هۆشداری داوەتە ترەمپ

تۆڕی هەواڵی CNN لە زمان سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ژەنەڕاڵ دان کێین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەیدا لەگەڵ گەورە راوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە لەوەی بژاردە سەربازییەکان دژی ئێران نابێت تەنیا هێرشی ئاسمانی هەڵبسەنگێندرێن، چونکە هێزی ئاسمانی سنووردارە و رەنگە نەتوانێت هەموو ئامانجە ستراتیژییەکانی واشنتن بپێکێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ژەنەڕاڵ کێین ئەم هەڵسەنگاندنانەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ، لەوانە جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری CIA، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە و جەی دی فانس جێگری سەرۆک، تاوتوێ کردووە. تێڕوانینی فەرماندە سەربازییەکان ئەوەیە، هەرچەندە هێزی ئاسمانی ئەمریکا دەتوانێت زیانی گەورە بە ژێرخانی سەربازی ئێران بگەیەنێت، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان، رەنگە پێویست بە ئۆپەراسیۆنی فراوانتر بکات کە بژاردەی وشکانیش لە چوارچێوەی پلانداناندا بن، هەرچەندە ترەمپ تا ئێستا دژی بڵاوکردنەوەی هێزی وشکانییە.

راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات، لە کۆتایی مانگی تەممووزدا، پلانێک بۆ هێرشی نوێ و بەهێز بۆ سەر ئێران هەبووە و ترەمپ لە سەرەتادا ئامادەبووە رەزامەندی لەسەر بدات. بەڵام دوای پەیوەندیی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترەمپ لە بڕیارەکەی پاشەکشەی کردووە. هاوپەیمانەکان هۆشدارییان دابوو، ئێران لە کاردانەوەدا دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی وڵاتانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

یەکێکی دیکە لەو خاڵە هەستیارانەی ژەنەڕاڵ کێین لەگەڵ ترەمپ باسی کردووە، کەمبوونەوەی کۆگاکانی هەندێک جۆری چەک و مووشەکی گرنگی ئەمریکایە. فەرماندە سەربازییەکان نیگەرانن لەوەی ئاستی پاشەکەوتی چەک لە ئاستێکی مەترسیداردایە، ئەمەش دەبێتە کۆسپ لەبەردەم درێژخایەنبوونی هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە.

ئێستا ئیدارەی ترەمپ لە نێوان چەند بژاردەیەکدا گفتوگۆ دەکات، بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانییەکان و فراوانکردنی بانکە ئامانجەکان. پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ئاستی ئاڵۆزتر ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکان ئەنجامیان نەبوو. دەبێت هێرشی زەمینی بکرێتە کارتێک فشار بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی، بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ژەنەڕاڵ کێین دەیەوێت وێنەیەکی روون بداتە ترەمپ هەر هەڵکشانێکی سەربازی چ جۆرە کاردانەوەیەکی لێدەکەوێتەوە، تاوەکو سەرۆک بتوانێت لە نێوان ئاستە جیاوازەکانی رووبەڕووبوونەوەدا بڕیار بدات، بەبێ ئەوەی یەکسەر بکەوێتە ناو جەنگێکی وشکانیی گەورەوە.