لە سۆران قۆناخی دووەمی پڕۆژەی ئاوی بادلیان - دێڵزیان دەستیپێکرد
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران دەستپێکردنی جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی ئاوی بادلیان - دێڵزیانی راگەیاند، بە تەواوبوونی، کێشەی کەمئاوی لە چەندین گوند و ناوچەی دەوروبەری سۆران چارەسەر دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026، بەکر سلێمان پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: پڕۆژەی ئاوی گوندی بادلیان-دێڵزیان کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ناوچەکە، تا ئێستا 70%ی کارەکانی تەواو کراوە. ئەم پڕۆژەیە بە دوو قۆناخ لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە چاودێریی راستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران جێبەجێ دەکرێت.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە، گوژمەی پڕۆژە یەک ملیار و 280 ملیۆن دینارە و ماوەی جێبەجێکردنی 300 رۆژە، هەروەها سەرچاوەی ئاوی رووباری باڵەکلیان (لەرێگەی سیستەمی هەڵێنجان و خاوێنکردنەوە)یە، ئەو بۆرییە تێیدا بەکاردێت، 3 هەزار مەترە جۆری (8 ئینج) و توانای بەرهەمهێنانی 200 مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکداهەیە.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە کە بریتی بوو لە وەرگرتنی ئاو لە سەرچاوەکەی و دروستکردنی خەزانێکی گەورەی خاوێنکردنەوە، کۆتایی هاتووە. ئێستا تیمەکان لە قۆناخی دووەمدان کە چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە و کارکردن تێیدا بەردەوامە بۆ دروستکردنی خەزانێکی گەورە لەسەرووی گوندی بادلیان، تاوەکو لەوێوە ئاوەکە بەسەر تۆڕەکاندا دابەش بکرێت.
ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە گرفتی بێئاوی لە گوندەکانی بادلیان، دێڵزیان و دەوروبەری، کە پێشتر دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست پشتیان بە تانکەر دەبەست، بەڵام بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، ئاوی پاکی خواردنەوە بە شێوەیەکی بەردەوام دەگاتە ماڵەکانیان.