نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە و پێنج شوێنەواری دیکەی ئامێدی بەردەوامە
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی مێژوو و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری، کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی شەش شوێنەواری دێرینی ئامێدی کردووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رزگارکردنی ئەو شوێنانە لە لەناوچوون و ناساندنیان بە گەشتیاران.
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی گەورە و منارەی ئامێدی بەردەوامە، مێژووی ئەم شوێنە بۆ سەدەی 12ی زایینی دەگەڕێتەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر وەک پەرستگەیەک بەکار هێنراوە.
سەرەڕای چەندین هەوڵی نۆژەنکردنەوە لە رابردوودا، بەهۆی کەمی شارەزاییەوە شێوەی بیناسازییەکەی تا رادەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت ناسنامە دێرینەکەی بۆ بگەڕێندرێتەوە.
خالد ئامێدی، شوێنەوارناس لە لێدوانێکدا بۆ بێوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24، باس لە مێژووی فرەڕەهەندی شوێنەکە دەکات و دەڵێ: "هەندێک سەرچاوەی مێژوویی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان یان زەردەشتییەکان دەیگەڕێننەوە، هەروەها منارەکە لە سەردەمی سوڵتان حوسێن وەلی دروست کراوە، هەڵگری مێژوویەکی کۆن و شێوەیەکی زۆر جوانە."
بە پاڵپشتی کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، کارکردن لەسەر نۆژەنکردنەوەی شەش شوێنەواری گرنگی شارۆچکەی ئامێدی بەردەوامە. پێشتر ئەم شوێنانە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر بوو، ئامانج لەم هەنگاوە پاراستنیان و گۆڕینیانە بۆ شوێنی گەشتیاری.
وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی، وردەکاریی پرۆژەکە دەخاتەروو و رایدەگەیەنێت: "نۆژەنکردنەوەی شەش شوێنی گرنگ لە ئامێدی دەستی پێکردووە، لەوانە قوتابخانەی قوبەهان، مزگەوتی گەورە، کەنیشتەی دێرینی ئامێدی و گۆڕی سوڵتانەکان، ئەم پرۆژانە وا دەکەن ئەم شوێنەوارانە بپارێزرێن و رێگری لە فەوتانیان بکرێت، ئەمەش نیشانەی شارستانییەتی مرۆڤایەتییە."
لە شارۆچکەی ئامێدی 57 شوێنەواری مێژوویی هەن، پاش ئەوەی لە ساڵی 2023 دەروازەی بادینان بە پاڵپشتی ئەمریکا نۆژەن کرایەوە، ئێستا قۆناخێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە دەستی پێکردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە رێگەی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانەوە مێژووی ناوچەکە بپارێزێت، هاوکات بیانکاتە سەرچاوەیەکی گرنگی راکێشانی گەشتیاران، شارۆچکەی ئامێدیش وەک یەکێک لە ناوەندە هەرە دەوڵەمەندەکان بۆ ئەم ئامانجە دەستنیشان کراوە.