فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی دیجلەی کەرکووک هەڵوەشێندرایەوە

وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاویکردووتەوە، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و شاندێکی باڵای سەربازیی بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئامادەیی دۆخی ئەمنی گەیشتنە کەرکووک و ئیستا لە کۆبوونەوەدایە.

ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026 بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆران کامەران پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، رایگەیاند؛ عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و شاندێکی باڵای سەربازیی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە، بڕیارێکی گرنگی داوە بە هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی دیجلە. هاوکات بڕیارە زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنی و سەربازییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و شارۆچکەی خورماتوو ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی بەهێزکردنی کۆنترۆڵی ئەمنی ناوچەکە.

دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە سعوودیە و هێزەکانی ئەمریکا کردووە. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییەی لە 29ـی تەممووزی مانگی رابردوو کرایە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەک لەوانەش بەغدا، نەینەوا و کەرکووک، تێیدا ژمارەیەک چەکدار و پێنج راوێژکاری سەربازیی ئێرانی کوژران.

هەرچەندە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی رۆژی هەینی7ـی ئابی وەک وادەی تۆڵەکردنەوە دیاری کردبوو، بەڵام لەژێر فشاری سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هێرشەکانی بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە بۆ رێگری لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ئێستا لە بەغدا و شارەکانی دیکە هێزێکی زۆر بڵاوکراونەتەوە و لە شەقامە سەرەکییەکان بازگەی ئەمنی زیادکراون بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشهاتێکی نەخوازراو.