ویلایەتی: هێزە بیانییەکان هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیریی ناوچەکەن
راوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەڵێت، "شکستی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو باوەڕەی بەهێزتر کردووە، کە هێزە بیانییەکان هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرین و دەبێت ناوچەکە جێبهێڵن".
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026، عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بە هاشتاگی گەرووی هورمز و بەبولمەندەب، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "پێشهاتەکانی ئەم دواییە بە خۆڕاگریی هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێران و بوێری بەرەی مقاوەمە هاتنەدی. شکستی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەو باوەڕەی بەهێزتر کرد کە هێزی دەرەکی و بیانی، هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرییە و دەبێت ناوچەکە بەجێبهێڵن".
ویلایەتی پەیامێکی ناڕاستەوخۆ ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردووە و نووسیویەتی "وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن لە بە فراوانکردنی هاوکاریی و هەماهەنگییەکانیان ئاسایش مسۆگەر بکەن".
لە چەند مانگی رابردووی ساڵی 2026دا، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتە لووتکە، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست و بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و پەکخستنی بەشێکی بازرگانیی جیهانی.
ئیدارەی ئەمریکا لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ زنجیرەیەک سزای ئابووریی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش وای کرد ئابووریی ئێران تووشی قەیرانێکی بێپێشینە ببێت. لەم نێوەندەدا عومان رۆڵی نێوەندگیریی گێڕا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیشتن بە چارەسەرێک.
سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد، پێشبینی دەکات ئەمڕۆ یان سبەی، رێککەوتنێکی ئاگربەست بۆ ماوەی 30 تاوەکو 60 رۆژ لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، بڕگەی سەرەکیی رێککەوتنەکەش بریتییە لە کردنەوەی گەرووی هورمز.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پێی وایە کردنەوەی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.
سکۆت بێسنت ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن گەمارۆکانی بۆ سەر تاران توندتر کردووە، ئێستا ئێران رووبەڕووی هەڵاوسانێکی گەورەی نرخی خۆراک بووەتەوە، رێژەی هەڵاوسانەکە لە نێوان 150% بۆ 180% دەبێت، تەنانەت توانای پێدانی مووچەی هێزە چەکدارەکانی نەماوە.