مەسرور بارزانی: زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی و مووشەکی کراوەتە سەر کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێکان و پاڵپشتیی حکوومەتی عێراقیش دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک، هاوکات بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و بوونی سەربازی ئەمریکا لە بنکەی هەریر رەتدەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 08ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلجەزیرە)ـی قەتەری، باسی لە چەند پرسێکی گرنگی ناوخۆیی و هەرێمی کرد. 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پاڵپشتیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک بەدەست هێزە فەرمییەکانەوە دووپات کردەوە و جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ ململانێیەکی ناوچەکە.

مەسرور بارزانی گوتی، هیچ لایەنێک گوشاری نەخستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێوەگلان لە جەنگ. روونیشی کردەوە، کاری لەپێشینە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیەتی لە ئاڵۆزییەکان.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش دا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە، ئەو هێرشانە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە کراون یان لە ناوخۆی عێراقەوە لە رێگەی چەند گرووپێکی چەکدارەوە کراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی هەبوونی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلی رەتکردەوە و جەختی کردەوە، بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵییە.

هەروەها هەبوونی سەربازانی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی هەریر رەتکردەوە و گوتی، بنکەکە ماوەی 10 ساڵە هیچ هێزێکی ئەمریکای تێدا نییە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆکی حکوومەت گوتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا باشن و بەرەو پێشەوە دەچن، هاوکات پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بە "زۆر باش" وەسف کرد و باسی لەوە کرد، هاوکاریی لە نێوان هەردوولادا هەیە.

لە ماوەی رابردوودا، هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری هەولێر، چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن). بەشێک لەم هێرشانە راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراون بە بیانووی بوونی بنکەی هەواڵگریی ئیسرائیل، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا کردووە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە بکەن.

 هاوکات چەندان جار، سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق بەردەوام بنکەی سەربازیی هەریر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان کردووەتە ئامانج بە بیانووی بوونی هێزەکانی ئەمریکا. 

لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵۆزییانەشدا، هەولێر هەوڵی داوە هاوسەنگیی دیپلۆماسی بپارێزێت و پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و سووریا و ئێران لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش پەرە پێ بدات، تاوەکو هەرێم لە مەترسییەکانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت.

 

وێنەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەلجەزیرە
وێنەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەلجەزیرە
وێنەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەلجەزیرە
وێنەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەلجەزیرە
وێنەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەلجەزیرە
وێنەی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەلجەزیرە