وەزیری نەوتی عێراق: بۆ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو لە گفتوگۆداین

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند؛ بۆ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو لە گفتوگۆداین.

باسم محەمەد خوزەیر وەزیری نەوتی عێراق، بۆ شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند؛ بۆ زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو لە گفتوگۆداین. هەروا گوتیشی: زیاد کردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو پرسێکی قورس نییە.

ئەمڕۆ شەممە، 8ـی ئابی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری نەوتی عێراق، جەختی لە گرنگی چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، حکوومەت هیچ جیاوازییەک لە نێوان هاووڵاتیانی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا ناکات.

وەزیری نەوت ئاماژەی کرد، "رێککەوتنێکی سێقۆڵی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکاندا هەیە"، ئاشکراشی کرد، دەکرێت ئەو رێککەوتنە بەگوێرەی گفتوگۆ و دانوستانەکان هەموار بکرێتەوە. جەختیشی کردەوە، دۆسیەی نەوتی هەرێم پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر کە خزمەتی بەرژەوەندی نیشتمانی بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا کە پەیوەستە بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، وەزیر باسی لە پڕۆژەی هێڵی بۆری "بەسرە-فیشخابوور" کرد و رایگەیاند: "ئەم بۆرییە بە سیستەمی (BOT) واتە بنیادنان، کارپێکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتی دروست دەکرێت"، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی خاکی هەرێمەوە بەرەو تورکیا.

سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە، وەزیر ئاماژەی کرد، تورکیا پێشنیاری کردووە تەنیا گواستنەوەی نەوت بێت و عێراق بەشداری هەندێک پڕۆژە بێت، روونی کردەوە، ئەو بڕە نەوتەی پلانی بۆ دانراوە (700 هەزار بەرمیل) ناتوانرێت تەنیا لە رێگەی کەرکووکەوە دابین بکرێت، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ پێویستی هەماهەنگی لەگەڵ کێڵگەکانی دیکەی هەرێم و ناوچەکە.

وەزیری نەوت باسی لەوەش کرد، عێراق کار دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە سوتاندنی گاز و راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان، بە تایبەت کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەیاندا بۆ واشنتن چەندین یاداشتی لێکگەیشتنیان واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکان و ژێرخانی ئابووری.

وەزیر رایگەیاند، ئێستا عێراق رۆژانە 2.7 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بڕی هەناردەکردنیش لە نێوان 1.5 بۆ 1.7 ملیۆن بەرمیلدایە، و جەختی کردەوە، هەموو کێڵگە نەوتییەکان ئامادەن بۆ گەڕانەوە بۆ ئاستی پێشووی هەناردەکردن کاتێک بارودۆخەکان لەبار دەبن.