هێزە ئەمنییەکانی عێراق شانەیەکی چەکدارییان لە بابل هەڵوەشاندەوە

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کرد، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگای بابل، شانەیەکی چەکدارییان دەستگیرکردووە پەیوەندییان بە بەرپرسانی ئێرانەوە هەبووە و پلانیان داڕشتبوو بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی عێراق.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "هێزەکانی دژە تیرۆر و دەزگای هەواڵگریی عێراق توانیویانە دزە بکەنە ناو گرووپێکی چەکداری و هەڵبوەشێننەوە، کە پلانیان هەبووە لەرێگەی درۆنەوە هێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو."

عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بەسەر چەک و ئامێر و چەندین درۆندا گیراوە و ئەندامانی شانەکە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. هەروەها گوتیشی: "سەرۆکوەزیران گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان هەیە و دوای 30ـی ئەیلوولی 2027، چیتر پاساوێک بۆ مانەوەی گرووپە چەکدارەکان نامێنێت و دۆسیەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت."

دوێنێ شەممە، 8ـی ئابی 2026 وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند؛ عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و شاندێکی باڵای سەربازیی گەیشتنە کەرکووک و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی دیجلە. هاوکات بڕیارە زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنی و سەربازییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک و شارۆچکەی خورماتووش بکات، بە مەبەستی بەهێزکردنی کۆنترۆڵی ئەمنی ناوچەکە.

دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە سعوودیە و هێزەکانی ئەمریکا کردووە. ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییەی لە 29ـی تەممووزی مانگی رابردوو کرایە سەر بنکەکانی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەک لەوانەش بەغدا، نەینەوا و کەرکووک، تێیدا ژمارەیەک چەکدار و پێنج راوێژکاری سەربازیی ئێرانی کوژران.

هەرچەندە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی رۆژی هەینی7ـی ئابی وەک وادەی تۆڵەکردنەوە دیاری کردبوو، بەڵام لەژێر فشاری سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هێرشەکانی بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە بۆ رێگری لە ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ئێستا لە بەغدا و شارەکانی دیکە هێزێکی زۆر بڵاوکراونەتەوە و لە شەقامە سەرەکییەکان بازگەی ئەمنی زیادکراون بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشهاتێکی نەخوازراو.