هێزە ئەمنییەکانی عێراق شانەیەکی چەکدارییان لە بابل هەڵوەشاندەوە

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کرد، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە پارێزگای بابل، شانەیەکی چەکدارییان دەستگیرکردووە پەیوەندییان بە کەسایەتیی ئێرانییەوە هەبووە و پلانیان داڕشتبوو بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی خاکی عێراق.

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "هێزەکانی دژە تیرۆر و دەزگای هەواڵگریی عێراق توانیویانە دزە بکەنە ناو تۆڕێکی چەکداری و هەڵیانبوەشێننەوە، کە پلانیان هەبووە لەرێگەی درۆنەوە هێرش بکەنە سەر چەند ئامانجێکی دیاریکراو."

عەبوودی ئاماژەی بەوەش کرد، دەست بەسەر چەک و ئامێر و چەندین درۆندا گیراوە و ئەندامانی شانەکە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. هەروەها گوتیشی: "سەرۆکوەزیران گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان هەیە و دوای 30ـی ئەیلوولی داهاتوو، چیتر پاساوێک بۆ مانەوەی گرووپە چەکدارەکان نامێنێت و دۆسیەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت."

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، حکوومەتی عێراق زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و فەرماندەیی فیرقەکاندا ئەنجامداوە، لەوانە گۆڕانکاری لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسڕە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی نەخشەی ئەمنی و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.

لە لایەکی دیکەوە و لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، هێزە ئەمنییەکان لە بەغداد ئەحمەد جبووری، ناسراو بە (ئەبو مازن) پارێزگاری پێشووی سەڵاحەددینیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد.

ئەبو مازن ئێستا ئەمینداری گشتی حزبی جەماوەر نیشتمانییە، لە ساڵانی 2013 تا 2014 پارێزگاری سەڵاحەددین بووە و دواتر لە حکوومەتی عێراقدا پۆستی وەزیری دەوڵەتی بۆ کاروباری پارێزگاکان وەرگرتووە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەکان ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی سەرمایەدار محەمەد هەجەف کردووە بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیە گەورەکانی گەندەڵی لە پارێزگای سەڵاحەددین.