چیای کوڵینگ ئامانجە نوێیەکەی ترەمپ بۆ پەکخستنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران

چاوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر دامەزراوەی چیای کوڵینگی ئێرانییە، کە بنکەیەکی سەربازی و ئەتۆمییە لە ژێر زەویدا. ئەم شوێنە وەک یەکێک لە ستراتیژیترین ئامانجەکان دەبینرێت کە ئەمریکا دەتوانێت بیپێکێت بۆ رێگریکردن لە تاران لە بنیاتنانەوەی بەرنامەی چەکە ئەتۆمییەکانی.

ئەندریا ستریکەر، پسپۆڕی کاروباری ئەتۆمی و بەڕێوەبەری بەرنامەی قەدەخەکردنی چەکی کۆکوژ لە دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسییەکان، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست رایگەیاند: "یەکێک لە باشترین بژاردەکان لەبەردەم ترەمپدا، بە ئامانجگرتنی دەروازەی تونێلەکانی ناو چیاکەیە." ستریکەر ئاماژەی بەوە کرد، وێنە ئاسمانییەکان جووڵەی بەردەوامی بارهەڵگر و ئامێرەکانی بیناسازی لەو شوێنە نیشان دەدەن، ئەمەش دەریدەخات کارکردن لەو بنکەیەدا بەردەوامە.

ئەم بنکەیە دەکەوێتە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز، بە یەکێک لە قورسترین ئامانجەکان دادەنرێت؛ چونکە نزیکەی 450 پێ (137 مەتر) لە ژێر زەویدایە. پسپۆڕان دەڵێن؛ تەنانەت بۆمبە بنکە بڕەکان رەنگە نەتوانن بەو قووڵاییەدا تێپەڕن، چونکە چیاکە لە بەردی گرانێتی زۆر رەق پێکهاتووە. ستریکەر دەڵێت: "چوونە ناو قووڵترین خاڵی ئەو بنکەیە وەک ئەوە وایە بچیتە خوارەوەی باڵەخانەیەکی 38 نهۆمی لە ژێر زەویدا."

دۆناڵد ترەمپ لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هۆشداری داوەتە ئێران. لە کۆبوونەوەیەکدا لە کامپ دەیڤید رایگەیاندووە: "ئێران لاوازتر دەبێت و ئێمە بە توندی دەیانپێکین، لە خاڵێکدا دەگەنە ئەو بڕوایەی کە چیتر بەرگەی ئەمە ناگرن."

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لە مانگی رابردوو بە روونی گوتی: "ئێمە چیای کوڵینگ لەناو دەبەین، بە ئێرانییەکان بڵێن با ئامادە بن." هەروەها جەختی کردەوە، ئەگەر رێککەوتنێکی نوێ واژۆ نەکرێت، لێدانی ئەو ناوچەیە حەتمی دەبێت.

تاران رایگەیاندووە لە قۆناخی کۆتایی رێککەوتنێکدایە لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان بۆ رێکخستنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز. ئەمەش دوای ئەوەی هێرشکرایە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتی لەو ناوچەیەدا، هەرچەندە ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە رەتکردووەتەوە.

بەگوێرەی شیکردنەوەکانی دەیڤید ئۆڵبرایت، سەرۆکی پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێشتا روون نییە ئێران کەی دەتوانێت ئەم بنکەیە بەتەواوی بخاتە گەڕ. بەڵام ئەندریا ستریکەر دەڵێت؛ لێدانە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵانی رابردوودا، "کاتژمێری گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ئێرانیان بەلایەنی کەمەوە بۆ دوو ساڵ و نیو دواخستووە."