زیاتر لە 1760 هاوبەش لە دهۆک سیستەمی وزەی خۆریان داناوە
بەکارهێنانی سیستەمی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگای دهۆک رووی لە زیادبوونێکی بەرچاو کردووە ئەمەش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی پەستان لەسەر کارەبای نیشتمانی و پاراستنی ژینگە.
زانکۆی دهۆک وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی بەکارهێنانی ئەم سیستەمە، ماوەی چوار ساڵە پشتی بە وزەی خۆر بەستووە و زیاتر لە دوو مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
لەم بارەیەوە فەرهاد مستەفا، بەرپرسی بەشی چاککردنەوە لە زانکۆی دهۆک رایگەیاند، زانکۆ سوودێکی زۆری لەو سیستەمە وەرگرتووە، بەتایبەتی لە کاتی کارکردندا لە کاتژمێر هەشت و نیوی بەیانییەوە دەست پێدەکات تاوەکو دوو و نیوی پاشنیوەڕۆ.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کاتانەدا پەستانێکی زۆر لەسەر کارەبا هەیە و سیستەمەکە هاوکارێکی زۆر باش بووە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام و کەمکردنەوەی خەرجییە داراییەکان.
هاوکات کۆمپانیاکانی تایبەت بە دانانی سیستەمی وزەی خۆر باس لە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دانانی سیستەمەکە دەکەن.
نیوار تاهر، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی دانانی سیستەمی وزەی خۆر، گوتى، پێشتر مانگانە تەنیا لە یەک بۆ سێ شوێن سیستەمەکەیان دادەنا، بەڵام لە دوای ساڵی 2022ـەوە خواست زۆر زیادی کردووە و ئێستا مانگانە لە 15 بۆ 30 شوێن سیستەمی کارەبای تیشکی خۆر دادەنێن.
لەبارەی ژمارەکانەوە حازم محەممەد حەمایل، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبا لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 1760 هاوبەشی کارەبا ئەم سیستەمەیان داناوە و بڕی کارەبای بەرهەمهێنراویشیان دەگاتە 22.4 مێگاوات.
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک جەختی لەوەش کردەوە دانانی ئەم سیستەمە کاریگەرییەکی باش و راستەوخۆی لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگە هەیە.
ئەم هەنگاوانە نەک تەنیا پەستانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی کەم دەکەنەوە و پارەی هاووڵاتییان بۆ کارەبا دەگەڕێننەوە، بەڵکوو هۆشیاریی هاووڵاتییان بۆ لایەنی ژینگەیی و ئابووری دەردەخەن و ئێستا خۆیان بوونەتە بەرهەمهێنەری ئەو وزەیەی پێویستیان پێیەتی.