وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەنزین کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە بە مەبەستی ئاراستەکردنی داواکارییەکی فەرمی بۆ بەغدا بۆ زیادکردنی بەشە بەنزینی هەرێمی کوردستان. هاوکات پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە هەولێر بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا لە 23 بەنزینخانە بەنزین بە کۆبۆنی ژمارە 2 دابەش دەکرێت و کۆبۆنی ژمارە 1 رادەگیرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026،سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەو بڕە بەنزینەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت زۆر کەمترە لە پێداویستیی راستەقینە، ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆدەبێتەوە و تێیدا داوایەکی فەرمی ئاراستەی بەغدا دەکات بۆ زیادکردنی بەشە بەنزینی هەرێمی کوردستان.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە قەبارەی کورتهێنانەکە کرد و گوتی: "بۆ نموونە، تەنیا لە شاری هەولێر رۆژانە پێویستمان بە زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین هەیە، لە کاتێکدا تەنیا 790 هەزار لیترمان بۆ دابین دەکرێت، ئەمەش وایکردووە کورتهێنانێکی زۆر لە دابینکردنی بەنزیندا دروست ببێت."

سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی بەنزین لە پارێزگای هەولێر، سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کوردستان24 روونکردنەوەی دا کە ئەمڕۆ لە 23 بەنزینخانەی هەولێر بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومی (750 دینار) بۆ کۆبۆنی ژمارە 2 دابەش دەکرێت، لە بەرامبەردا کارکردن بە کۆبۆنی ژمارە 1 رادەگیرێت.

ئەم بڕیارە بۆ ئەو هاووڵاتیانەیە کە پێشتر وەجبەی یەکەمی بەنزینیان بە بڕی 40 لیتر لە رێگەی کۆبۆنەوە وەرگرتبوو، بەمەش دەتوانن لەمڕۆوە جارێکی دیکە لەو بەنزینخانە دیاریکراوانەدا بەنزین وەربگرنەوە.

لە وەڵامی گلەیی هاووڵاتیان لەبارەی کوالیتی بەنزینەوە، ئەو سەرچاوەیە دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە لیژنەکانی چاودێری بە وردی چاودێری کوالیتی بەنزین دەکەن و لەو پێناوەشدا تەنیا لە سێ رۆژی رابردوودا، 14 بەنزینخانە بەهۆی سەرپێچی لە رێنماییەکان و دەستکاری کوالیتی بەنزین داخراون و سزادراون.

جەختیشی کردەوە، لیژنەکانی پشکنین بەردەوام بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و نموونە (سامپڵ) لە بەنزینەکەیان وەردەگرن، راشیگەیاند هەر بەنزینخانەیەک پابەندی مەرج و رێنماییەکان نەبێت و کوالیتی بەنزینەکەی خراپ بێت، دەستبەجێ دادەخرێت.